جام کوردی - عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، وردەکارییەکانی پێشنیاری دیپلۆماسیی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە دۆخی «نە جەنگ، نە ئاشتی» و گەڕانەوە بۆ ڕێگای گفتوگۆی لەگەڵ ئەمریکا ئاشکرا کرد.
بە گوتەی عێراقچی، ئەم پێشنیارە سەرەتا بە شێوەی پلانێکی حەوت ڕۆژە ئامادە کرابوو، بەڵام بەهۆی پێشنیاری ناوبژیوانەکان و کەمبوونەوەی کات بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا، دواتر بۆ پلانێکی٤٨ کاتژمێری گۆڕدرا.
لە چوارچێوەی پێشنیارەکەدا، ئەمریکا دەبوو لە ڕۆژی یەکەمدا پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ بکات و ئێرانیش لە ڕۆژی دووەمدا تەنگەی هۆرموز بکاتەوە و گفتوگۆکان لە نێوان دوو لایەن دەست پێ بکەن.
عێراقچی ڕوونی کردەوە کە مەبەست ئەوە نەبوو گفتوگۆکان لە هەمان ڕۆژی دووەمدا بە ئەنجام بگەن، بەڵکو ئامانج دەستپێکردنەوەی خێرای دانوستانەکان بوو. وی گوت تاران ئامادەیە تەنانەت ماوەی جێبەجێکردنی پلانەکە لە دوو ڕۆژەوە بۆ یەک ڕۆژ یان دوو کاتژمێر کەم بکاتەوە، بە مەرجێک داواکارییەکانی ئێران جێبەجێ بکرێن.
بەڵام، بە گوتەی وەزیری دەرەوەی ئێران، واشنگتن هێشتا وەڵامێکی ئەرێنی بە پێشنیارەکە نەداوەتەوە. عێراقچی هۆکاری ئەمەی بە بوونی دیدگای جیاواز لە کاخە سپی و کاریگەریی هێزە جەنگخوازەکان، لەوانە بنیامین نەتانیاهۆ، بەستەوە.
ناوبراو جەختی کردەوە کە ئێران خوازیاری ڕێککەوتنێکی باش، بەڕێز و جێگیرە؛ ڕێککەوتنێک کە ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی جەنگ بکات، نەک تەنها بۆ ماوەیەکی کورت دۆخەکە ئارام بکات.
لە بارەی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی٦٠ لەسەدیشەوە، عێراقچی گوت ئەم ماددانە لە ئێرانەوە دەرناکرێن و دەبێت بەپێی پێویستییەکانی وڵات بەکاربهێنرێن. وی ئەم دوو خاڵەی بە هێڵی سووری تاران ناوبرد و گوت بابەتی پاشەکەوتی ئەتۆمی تەنها لە چوارچێوەی پاکێجێکی گشتگیر و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان بڕیاری لەسەر دەدرێت.
عێراقچی هەروەها گوت تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە دکتۆرینی ئەتۆمیی ئێراندا نەکراوە. بە گوتەی وی، ڕووسیا و چین لەگەڵ گۆڕینی ئەم دکتۆرینەدا هاوڕا نین.
وزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند کە کەنالەکانی پەیوەندی لەگەڵ واشنگتن لە ڕێگەی قەتەر و پاکستانەوە بەردەوامن و تاران هێشتا هیوا بە دیپلۆماسی هەیە.