جام کوردی - بەردەوامیی شەپۆلی گرانبوون و بەرزبوونەوەی نرخەکان، گوزەرانی هاووڵاتییانی عێراقی خستووەتە ژێر کاریگەرییەکی قورسەوە و پێویستیی دەوەردانەوەی جدی و خێرای حکوومەت لەم بوارەدا دووقات کردووەتەوە.

«زوها سەدخەن»، پەرلەمانتاری عێراق، ڕۆژی یەکشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بووەتە بارگرانییەکی قورس لەسەر شانی توێژە کەمدرامەتەکان، فەرمانبەران و خانەنشینان، و هۆشداریی دا لە مەترسیی کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی هەڵاوسان لەسەر کەمبوونەوەی هێزی کڕینی خێزانەکان و تێکچوونی خەرجییەکانی ژیانی ڕۆژانە.

سەدخەن لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی «المعلومه» ڕایگەیاند: «هەر جۆرە بەرزبوونەوەیەک لە نرخی کاڵا و خزمەتگوزارییەکاندا ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر دۆخی ژیانی هاووڵاتییان دەبێت، کە ئەمەش پێویستی بە هەنگاوێکی جدیی حکوومەت هەیە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شەپۆلی هەڵاوسان و مسۆگەرکردنی سەقامگیریی بازار.»

ناوبراو ڕاشیگەیاند: «حکوومەت چەندین جار جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بۆ پشتگیریکردن لە هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە گرانبوونی نرخەکان کردووەتەوە، بەڵام ئەوەی لە کرداردا پێویستە، گۆڕینی ئەم دروشم و بەڵێنانەیە بۆ هەنگاوی بەرجەستە و بەدیارکەوتوو کە کاریگەرییەکانی لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکدا هەست پێ بکرێت.»

ئەم پەرلەمانتارە ڕوونیشی کردەوە کە رێکخستنەوەی بازاڕ و ڕووبەڕووبوونەوەی گرانبوون، لە گروی چاودێریی کاریگەر بەسەر بازاڕدا، بەسزادانی توندی دەستکاریکەرانی نرخەکان و قۆرخکاران، دڵنیابوون لە هاتنی نەپساوەی کاڵا سەرەکییەکان، دیاریکردنی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی تێچووی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان، و چالاککردنەوەی ڕۆڵی دەزگا چاودێرییەکانە.

سەدخەن لە کۆتاییدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە که پاراستنی هاووڵاتییان لە بەرامبەر شەپۆلی هەڵاوساندا بەرپرسیارێتییەکی حکومییە کە ئەنجامەکەی دەبێت لە سەقامگیریی بازاڕ و پاراستنی هێزی کڕینی خەڵکدا ڕەنگدانەوەی هەبێت؛ هەروەها بیری هێنایەوە کە پەرلەمان بە هەموو هێزی خۆیەوە بەدواداچوون بۆ ئەم دۆسیەیە دەکات بۆ ئەوەی حکوومەت ناچار بکات ڕێگەچارەی کرداری بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لەنێوان سەقامگیریی بازاڕ و باشترکردنی ئاستی گوزەرانی هاووڵاتییان بگرێتەبەر.