جام کوردی - هەفتەنامەی ئەمریکیی (The Nation) لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا بە قەڵەمی دەیڤید فاریس، مامۆستای زانکۆی ڕۆزڤێڵت، ڕایگەیاند کە شەڕی پەلەپڕووزێ و هەڵپەسێردراوی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپ دژی ئێران نەک تەنیا هیچ کام لە ئامانجەکانی نەپێکاوە، بەڵکوو ئاسایش و سەقامگیریی هاوپەیمانە عەرەبەکانی واشنگتنی لە کەنداو ڕووبەڕووی مەترسییەکی قووڵ و داڕمانی بنەڕەتی کردووەتەوە.

بەپێی ئەم شیکارییە، عەرەبستانی سعوودی کە ساڵانێکی زۆر پشتی بە چەتری پاراستنی ئەمریکا بەستبوو، ئێستا خۆی لە گەمارۆیەکی سەخت و لاوازییەکی بێوێنەدا دەبینێتەوە. هێرشەکانی ئەم دواییەی هێزەکانی یەمەن بۆ سەر کۆمپانیای نەوتی «ئارامکۆ» لە زەهران و فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ڕیاز، هاوکات لەگەڵ بەئامانجگرتنی هێڵی بۆریی نەوتی ڕۆژهەڵات بۆ ڕۆژاوا لەلایەن گرووپە عێراقییەکانەوە، نیشاندەری دەستەپاچەیی و کۆتاییهاتنی ئەفسانەی باڵادەستیی ئەمریکایە لە پاراستنی هاوپەیمانە هەرێمییەکانیدا.

نووسەری ڕاپۆرتەکە جەختی لەوە کردووەتەوە کە کەمبوونەوەی بەرچاوی تەقەمەنی لە کۆگاکانی سوپای ئەمریکادا، هاوپەیمانەکانی ناوچەکەی لە بەرامبەر هێرشە مووشەکی و درۆنییەکاندا بە بێبەرگری هێشتووەتەوە؛ بە جۆرێک کە پاش مانگێک لە بۆردومان، سیستەمی بەرگری و توانای سەربازیی ئێران دەستلێنەدراو ماوەتەوە و دەسەڵاتدارانی کەنداو ناچار دەکات بەجێی پشتپێبەستن بە هاوپەیمانێکی ناجێگیری وەک واشنگتن، بەدوای هاوکێشەی نوێی ئەمنی و چارەسەری ئاشتەوایانە لەگەڵ ئێراندا بگەڕێن.