جام کوردی - گۆڤاری ئەمریکی «پۆلەتیکۆ» ڕاپۆرتی داوە کە لە پێش هەڵبژاردنی ناوەڕاستی مانگی نۆڤەمبەر، ناکۆکی و تۆمەتبارکردنی ناوخۆیی لە حیزبی کۆماریخوازدا بەربڵاو بووەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە هەڵسەنگاندنەکان ئاماژە بە کەمبوونەوەی پشتیوانییەکانی حیزب و زیادبوونی ئەگەری شکستەکەی دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەندامانی کۆنگرەی نوێنەران سێناتۆڕەکان بە بەرپرسیاریی بارودۆخی ئێستا دەزانن، لە کاتێکدا سێناتۆڕەکان تۆمەتەکان ئاراستەی دونالد ترەمپ دەکەن. هەروەها، یاریدەدەران و نزیکانی ترەمپ هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر کەمپەینی هەڵبژاردنیی کاندیدە لاوازەکانی حیزب دابنێن.

«پۆلەتیکۆ» دەڵێت بەرزبونەوەی نرخی بەنزین و زیادبوونی خەرجییەکانی خێزان، بە تایبەتی لە نێوان چینی کرێکاردا، بووەتە هۆی زیادبوونی ناڕەزاییی دەنگدەران. بە گوتەی ئەم ڕاپۆرتە، بەشێکی زۆر لە دەنگدەران بەڵێنەکانی کاندیدە کۆماریخوازەکان بۆ کەمکردنەوەی نرخی سووتەمەنی و باشترکردنی دۆخی ژیان، بەڵێنی هەڵبژاردنی و بەتاڵ دەزانن.

لە هەمان کاتدا، هەندێک چاودێر و یاسادانەری کۆماریخواز ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم حیزبە خەریکی ئامادەبوونە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تووڕەیی ترەمپ لە ئەگەری شکستێکی قورس لە هەڵبژاردنی نۆڤەمبەر. هەندێک نوێنەر دەیانەوێت سێناتۆڕەکان بە بەرپرسیاریی شکستەکە بناسێنن، لە کاتێکدا سێناتۆڕەکان بە نهێنی ترەمپ بە هۆکاری هەڵبژاردنی کاندیدە لاوازەکان تۆمەتبار دەکەن.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەشێک لە سەرکردەکانی حیزبی کۆماریخواز پێشبینی دەکەن کە لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا کۆنترۆڵی هەردوو دەستەی کۆنگرە لەدەست بدەن. دان بیکن، نوێنەری کۆماریخواز لە نەبراسکا، گوتوویەتی: «گەورەترین کێشە، ژمارەکانی هەڵسەنگاندن و نەرێنیبوونی ڕێژەی پشتیوانیی سەرۆکە.»