«پیتێری ئۆربۆ»، سەرۆک‌وەزیرانی فینلاند لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی تەلەڤیزیۆنیی «یەلێ» (Yle) گوتی: ڕاگرتنی پێدانی ڤیزای گەشتیاری بە هاووڵاتییانی ڕووسیا بۆ ئەورووپا، بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی کیشوەرەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی مۆسکۆ پێویستە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد: «لە دانیشتنی هەفتەی داهاتووی ئەنجوومەنی ئەورووپادا، پلانی قەدەغەکردنی پێدانی ڤیزای گەشتیاری بە هاووڵاتییانی ڕووسیا پێشکەش دەکەم.»

سەرۆک‌وەزیرانی فینلاند سەبارەت بە مەترسییەکان گوتی: «ئێمە نیگەرانین لەوەی کە ڕووسیا هەوڵ بدات لە ئەورووپادا کردەوەی تێکدەرانە ئەنجام بدات. کەواتە بۆچی ڕێگە بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە دەدەین وەک گەشتیار بێنە ئێرە و ڕێگەیان پێ دەدەین بە ئازادی هاتوچۆ بکەن؟»

ئۆربۆ هەروەها سەبارەت بە ڕێککەوتنی ڕووسیا و ئەمریکا بۆ دابینکردنی گازۆیل قسەی کرد و ئەو ڕێککەوتنەی بە «نا ئومێدکەر» و «کارەساتبار» ناو برد.

ئەو لە درێژەدا گوتی: «پێم وانییە ئەم ڕێککەوتنە لە کۆتاییدا کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ئەمریکا یان بازاڕی جیهانی هەبێت. ئەورووپا دەبێت چالاکانەتر بجووڵێتەوە و سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنێت.»

شایانی باسە، فینلاند لە ئەیلوولی ٢٠٢٢ـەوە پێدانی ڤیزای گەشتیاری بە هاووڵاتییانی ڕووسیا ڕاگرتووە و هاتنی گەشتیارانی ڕووسی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کردووە. دەروازە وشکانییەکانی نێوان فینلاند و ڕووسیاش لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە بەڕووی هاتوچۆدا داخراون.