جام کوردی - وتەبێژی کۆمیسیۆنی پێشخستنی بازرگانی لە ژووری پیشەسازیی، کانگا و بازرگانیی ئێران، جەخت لەوە دەکاتەوە کە فشارەکانی ئەمریکا نەیتوانیوە ئاڵوگۆڕی دەرەکیی ئێران ڕابگرێت و ڕای دەگەیەنێت: «توانا جوگرافییەکانی ئێران، پەیوەندییە ئابوورییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی هاوکاری لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی وەک چین، ڕووسیا، پاکستان و تورکیا، ڕێگەی خۆشکردووە بۆ بەردەوامبوونی ڕێڕەوی ئاڵوگۆڕی دەرەکی.»

سەید ڕوحوڵڵا لەتیفی لە گفتوگۆیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەمریکا کرد بۆ سنووردارکردنی بازرگانیی دەرەکیی ئێران و فشارخستنەسەر وڵاتانی دراوسێ بە مەبەستی کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ ئێران و گوتی: «سەرەڕای فشارە سیاسی و ئابوورییەکان، سنووردارکردنی هەندێک لە ڕێڕەوە بازرگانییەکان و هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ژوورەوە و چوونەدەرەوەی کاڵا، بازرگانیی دەرەکیی ئێران نەوەستاوە و چالاکانی ئابووریی وڵات بە سوودوەرگرتن لە توانا جوگرافییەکان، ڕێڕەوی جێگرەوە و ئیمکاناتی گواستنەوەی ناوچەکە، هێشتا سەرقاڵی ئەنجامدانی چالاکییە بازرگانییەکانیانن. »

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە ئابووریی ئێران و وڵاتانی دراوسێ لە ڕێگەی سنوورە هاوبەشەکان، پێداویستییە بەرانبەرە ئابوورییەکان، تۆڕەکانی گواستنەوە، بازاڕەکانی بەکاربردن و زنجیرەی دابینکردنەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە. ئەم پەیوەندییانە تەنیا سیاسی نیین تا بە گۆڕانی هەڵوێستی دەوڵەتێک یان فشاری هێزێکی دەرەکی بە ئاسانی پچڕێن؛ بەڵکو بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خەڵک، بەرهەمهێنەران، بازرگانان و چالاکانی ئابووریی هەردوولا لە بەردەوامبوونی ئەم ئاڵوگۆڕانەدایە.

لەتیفی بە ئاماژەدان بەوەی کە بەشێکی گرنگی بازرگانیی ئێران لەگەڵ دراوسێکان بەردەوامە، جەختی کردەوە: «لە هەندێک لە وڵاتانی دراوسێدا گەشەی ئاڵوگۆڕی تجاریمان ئەزموون کردووە و توانا هەبووەکان لە سنوورە وشکانییەکان، ڕێڕەوی ریلی، جادەیی و دەریاییەکان ڕێگەیان بۆ بەردەوامبوونی بازرگانی خۆشکردووە. بێگومان لە هەندێک قۆناغدا سنووردارکردن لە چەند سنوورێک دروست بووە، بەڵام ئەم بابەتانە ناتوانرێت بگەڕێندرێنەوە بۆ مانای ڕاگرتنی بازرگانیی ئێران لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە. »

بازرگانان لە سەنگەری پێشەوەی دابینکردنی پێداویستییەکانی وڵاتدا

وتەبێژی کۆمیسیۆنی پێشخستنی بازرگانیی ژووری پیشەسازیی ئاماژەی بە ڕۆڵی کەرتی تایبەت و چالاکانی ئابووری لە دۆخە سەختەکانی وڵاتدا کرد و گوتی: «بازرگانان لەم دۆخەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ لە پاراستنی ڕێڕەوی دابینکردنی کاڵادا دەگێڕن. لە ڕاستیدا، چالاکانی ئابووری بە ناسینەوەی ڕێڕەوی نوێ، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ دابینکەرانی جۆراوجۆر، کەڵکوەردان لە توانا و ئیمکاناتی وڵاتانی نێوەندگیر و دۆزینەوەی رێگەی جۆراوجۆر بۆ گواستنەوە و یەکلاکردنەوەی دارایی، ڕێگەیان نەداوە ڕێڕەوی هاتنە ژوورەوەی کاڵا پێویستەکانی وڵات بوەستێت. »

ئەو زیادی کرد: «ئەمڕۆ کاڵا سەرەکییەکان، کەرستەی سەرەتایی پیشەسازی، ئامێر، پێداویستی و کەرستەی پزیشکی لە ڕێگەی ڕێڕەوی جۆراوجۆرەوە دەهێنرێنە ناو وڵات و لە بەرامبەردا کاڵا هەناردەکرنەکانی ئێران بۆ بازاڕە ئامانجەکان دەنێردرێن. ئەم چالاکییانە لە دۆخێکدا ئەنجام دەدرێن کە فشارە دەرەکییەکان لەسەر تۆڕی بانکی، گواستنەوە، بیمە، ئاڵوگۆڕی دراوی و هاوکاریی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان زیادی کردووە. »

چین و ڕێڕەوی فرەلایەن؛ بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەر بەردەوامە

لەتیفی سەبارەت بە پێگەی چین لە بازرگانیی دەرەکیی ئێراندا ڕایگەیاند: «بەشێکی بەرچاو لە بازرگانیی وڵاتەکەمان لەگەڵ چین ئەنجام دەدرێت و ئەم وڵاتە یەکێکە لە هاوبەشە گرنگە بازرگانییەکانی ئێران. پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ چین تەنیا بە یەک ڕێڕەو سنووردار نییە و کاڵاکان لە ڕێگەی تۆڕی رەیلی و جادەیی و بە تێپەڕبوون لە چەندین وڵات دەگوازرێنەوە بۆ ئێران. »

ناوبراو جەختی کردەوە کە پێگەی جوگرافیی ئێران لە پەیوەندیکردنی ڕۆژهەڵات بە ڕۆژئاوا و باکوور بە باشوور، دەرفەتی کەڵکوەردان لە ڕێڕەوی جۆراوجۆری گواستنەوەی ڕەخساندووە. هەروەها لە بواری دەرمانیشەوە، ئەو سنووردارکردنانەی بۆ سەر هەندێک لە سەرچاوەکانی دابینکردن دروست بوون، پێویستیی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی هاوردەکردنی زیاتر کردووە.

بازرگانی لەگەڵ پاکستان؛ بەرژەوەندییە ئابوورییەکان ڕێگرن لە پچڕانی پەیوەندییە سنوورییەکان

سەبارەت بە پەیوەندییە بازرگانییەکانی ئێران و پاکستان، لەتیفی گوتی: «پەیوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و پاکستان لەسەر بنەمای پێداویستییە متقابیلەکان چەسپیوە. بەشێک لە ئابووریی پاکستان پێویستی بە وزە و کاڵای ایرانییە و لە بەرامبەردا، ئەم وڵاتە لە هەندێک بواردا سەرچاوەیەکی گرنگی تجاری بۆ ئێرانە. ئەگەرچی لە هەندێک قۆناغدا سنووردارکردن لە سنووری ڕێمدان بەهۆی فشاری دەرەکییەوە دروست بوو، بەڵام پێداویستییە ئابوورییەکان و کاریگەریی راسترۆیی بازرگانی لەسەر ژیانی خەڵکی ناوچە سنوورییەکان، پێویستیی گەڕانەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانی دووپات کردەوە. »

توانای گرنگی بەندەرەکانی باکوور و باشوور

ناوبراو ئاماژەی بە بەردەوامیی بازرگانیی دەریایی کرد و گوتی: «تۆڕی بازرگانیی دەرەکیی ئێران تەنیا بە سنوورە وشکانییەکانەوە نەبەستراوەتەوە. بەندەرە باشوورییەکانی وڵات، ڕێڕەو دەریاییەکان و هەروەها توانای دەریای خەزەر، بەشێکی گرنگی ژێرخانی بازرگانیی دەرەکی پێکدەهێنن و چالاکانی ئابووری بەردەوام سەرقاڵی ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕن. »

ڕووسیا و ئۆراسیا؛ دابینکەری گرنگی کەرستەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و خۆراکی

 لەتیفی باسی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا و وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا کرد و ڕایگەیاند: «بەشێکی گرنگی کەرستەی سەرەتایی بەرهەمهینان و پێداویستییە خۆراکییەکان لەو ناوچەیە دابین دەکرێن و بەکارهێنانی سیستەمی تهاتر و ڕێگەی جێگرەوە بۆ تسویەی مالی، یارمەتیدەرە لە بەردەوامیی ئەم بازرگانییەدا.»

گرنگیی ستراتیژیی سەردانی سەرۆک کۆمار بۆ تورکیا

سەبارەت بە سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ تورکیا، ناوبراو ڕایگەیاند: «تورکیا یەکێکە لە گرنگترین دراوسێکانی ئێران و هاوبەشە سەرەکییەکانی بازرگانییە. ئەم سەردانە لە بواری ترانزیت، گواستنەوە، وزە و پەیوەندی بە بازاڕە نێودەوڵەتییەکانەوە بایەخێکی گەورەی هەیە و دەبێت لە چوارچێوەی تۆڕێکی فراوانتر لە هاوکارییە ناوچەییەکاندا سەیر بکرێت. »

ئاسایشی ناوچەیی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان

لە کۆتاییدا، وتەبێژی کۆمیسیۆنی پێشخستنی بازرگانیی ژووری پیشەسازیی ئێران جەختی کردەوە: «ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە لێکجیاواز نییە و هەرچەندە پەیوەندییە بازرگانییەکان، ژێرخانی و ترانزیتی لە نێوان وڵاتانی دراوسێدا پەرە بسێنێت، تێچووی دروستکردنی ئاڵۆزی زیاتر دەبێت و بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەکان پتەوتر دەبن. پاراستنی ڕێڕەوی بازرگانیی دەرەکی و هەمەجۆرکردنی ڕێڕەوەکان، دەتوانێت بەرگریی ئابووریی وڵات لە بەرامبەر فشارە دەرەکییەکاندا بەهێزتر بکات. »