بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئال ئیسحاق، سەرۆکی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق بە ئاماژەدان بە سەپاندنی باج لە لایەن گومرگی عێراقەوە لەسەر هاوردەکردنی شیشی ئێران، وتی: ئەم بڕیارە هەناردەی شیشی ئێرانی کەمکردووەتەوە و لە بەرامبەردا هەناردەکردنی شمشی پۆڵاینی ئێرانی زیاد کردووە، چونکە لە عێراقدا شمش بۆ گۆڕین و پرۆسێسکردن بەکاردەهێنرێت.
بە گوتەی ئال ئیسحاق، پێویستە لە پلانی بازرگانی ئێراندا سیاسەتی عێراق بۆ پشتیوانی لە بەرهەمهێنەرانی ناوخۆ و سنووردارکردنی هاوردەکردنی ئەو کاڵایانەی کە لە چوارچێوەی وڵاتدا بەرهەم دێت، لەبەرچاو بگیرێت.
ناوبراو جەختیشی لەوە کردەوە کە ناکرێ چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە عێراق بۆ هەمیشە وەک هاوردەکاری بەرهەمی تەواو بمێنێتەوە، هەروەها ئەو وڵاتە مافی خۆیەتی سیاسەت بۆ بەهێزکردنی پیشەسازییەکانی دابنێت.
سەرۆکی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق وێڕای ئاماژەدان بە پرسی خاو فرۆشتنی شمش و پێویستی گرنگیدان پێی، پەرەپێدانی هاریکاری بەرهەمهێنانی بە یەکێک لە ڕێگاکانی پاراستن و بەهێزکردنی بوونی ئێران لە بازاڕی عێراقدا زانی.
بەم پێیە پێویستە بەرهەمهێنەرانی ئێرانی جگە لە هەناردەکردنی ڕاستەوخۆ، هەلی وەبەرهێنان و هاوبەشی پیشەسازی و دروستکردنی توانای بەرهەمهێنان و پرۆسێسکردنی هاوبەش لە عێراقیشدا بپشکنن.
ئەم لێدوانانە دەریدەخەن کە بازاڕی عێراق لە شێوازی تەقلیدی هاوردەکردنی هەندێک بەرهەمی کۆتایی دوور دەکەوێتەوە و هەناردەکارانی ئێرانیش ناچارن هەماهەنگی لەگەڵ پێشهاتەکانی سیاسەتی پیشەسازی ئەو وڵاتدا بکەن بۆ ئەوەی پشکی خۆیان بپارێزن.
لەم جۆرە هەلومەرجەدا، داننان بە پێداویستییەکانی بازاڕی عێراق و هەنگاونان بەرەو هاوکاریی ئابووری و بەرهەمهێنان، دەتوانێ زەمینە بۆ بەردەوامیی بوونی کۆمپانیا ئێرانییەکان لەم بازاڕەدا خۆش بکات.