جام کوردی - عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان لە تاران لەگەڵ لیوا موحسین ڕەزایی، نوێنەری ڕێبەری کۆماری ئیسلامی و سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران کۆبووەوە.

لە دیدارەکەدا، لیوا موحسین ڕەزایی بە توندی جەختی لەوە کردەوە کە سەرجەم کەرەستە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە ناوخۆی ئێراندا دەمێننەوە و ڕایگەیاند: «تەنانەت مسقاڵێک (تۆزقاڵێک) لە مادە ئەتۆمییە پیتێنراوەکان لە ئێران نابرێتە دەرەوە؛ ئەم ماددانە سەرمایەیەکی گەورە و سامانی نیشتمانیی ئێرانییەکانن بۆ بەکارهێنان لە ناوخۆی وڵاتدا.»

ڕەزایی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتۆن کرد و گوتی: «سەرجەم خەڵک و بەرپرسانی ئێران یەکدەنگ گەیشتوونەتە ئەو دەرئەنجامەی کە تاوەکوو ئەمریکا متمانە دروست نەکات، هیچ دانوستانێک لە ئارادا نابێت؛ دەستپێکی ئەم متمانەسازییەش بریتییە لە جێبەجێکردنی مەرجەکانی ئێران.» هاوکات جەختی لە برایەتیی نێوان هەردوو گەلی ئێران و پاکستان کردەوە.

کردنەوەی سنوورەکانی نێوان ئێران و پاکستان

لای خۆیەوە، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان ڕایگەیاند: «بە ڕوونی ڕایدەگەیەنین کە کێشەی سنوورەکانی ئێران و پاکستان چارەسەر بووە و لە بەیانیی ئەمڕۆوە سنوورەکان کراونەتەوە.»

فەرماندەی سوپای پاکستان بە ئاماژەدان بە خۆڕاگری و بەرگریی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە «جەنگی ٤٠ ڕۆژە»دا، جەختی لەسەر پێویستیی پەرەپێدانی هاوکارییە ناوچەییەکان لە نێوان تاران و ئیسلامئاباد بە بێ دەستێوەردانی لایەنە بێگانەکان کردەوە.