جام کوردی - وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر لێدوانەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنتن خۆی هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە، کەچی داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات ئێران مەحکووم بکەن.

ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس»، لە وەڵامی داواکارییەکەی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ مەحکوومکردنی تاران سەبارەت بە دۆخی ئەمنیی کەنداو و گەرووی هورمز، نووسیویەتی:  

«ئەوان لە ماوەی کەمتر لە ٩ مانگدا و لە کاتی بەڕێوەچوونی دانوستانەکاندا دووجار هێرشیان کردە سەر ئێران؛ منداڵانی ئێمەیان لە میناب کۆمەڵکوژ کرد، کچانی ئێمەیان لە لامەرد شەهید کرد، سەرکردەکانی ئێمەیان تیرۆر کرد و بە سەپاندنی جۆرەها گەمارۆی ئابووری، گوشارەکانیان بۆ سەر گەلی ئێران توندتر کردەوە. ئێستاش، دوای پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕە کە خۆیان واژۆیان کردبوو، هاوکات لەگەڵ ئیدعای سەرکەوتن، داوا لە جیهان دەکەن ئێران سەرکۆنە بکات.»

بەقائی لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردەوە: «با لەبیرمان نەچێت کە جیهان ئەمڕۆ باجی یاساشکێنی و دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی دەدات؛ لە پشێوییەکانی ناوچەکەوە بگرە تا ناسەقامگیریی ئابووری و وزە لە سەرانسەری جیهاندا.»

وتەبێژی دەزگای دیپلۆماسیی ئێران لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: «ناکرێت ئاگر هەڵگیرسێنن، ناوچەکە بەرەو ئاژاوە بەرن و پاشان لە پێگەی سکاڵاکاردا بوەستن و داوا لەوانی تر بکەن قوربانی مەحکووم بکەن؛ ناتوانن بە پێچەوانەکردنەوەی شوێنی دەستدرێژیکار و قوربانی، لە بەرپرسیارێتی و لێپرسینەوە ڕابکەن.»

ئەم لێدوانانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دوای ئەوە هات کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی هیندیی «نێتۆرک ١٨»، ئێڕانی بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان تۆمەتبار کردبوو و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردبوو بۆ سەرکۆنەکردنی تاران یەکدەنگ بن.