جام کوردی - جۆن مێرشایمەر، تیۆریستی ناسراوی بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و مامۆستای زانکۆی شیکاگۆ، لە هەڵسەنگاندنێکدا سەبارەت بە پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران ڕایگەیاند؛ واشنتۆن لە دۆخێکی دژواردا گیری خواردووە و دەستپێشخەری و کۆنترۆڵی ڕەوشەکە لە دەستی تاراندا مایەوە.

مێرشایمەر بە ئاماژەدان بە شکستی هەڵمەتە تۆڵەسێنەکانی ڕابردوو جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا لە پێگەی بڕیاردەری سەرەکیدا نییە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە ترسی کاریگەرییە نەرێنییەکانی پەرەسەندنی شەڕ لەسەر نرخی نەوت و پێگەی حیزبی کۆماریخواز لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولدا، هەوڵ دەدات ئاستی پێکدادانەکان لە کەمترین ئاستدا بهێڵێتەوە.

مێرشایمەر سەبارەت بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانی گوتی: ئەو سیستەمانە توانای پووچەڵکردنەوەی توانستی مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تارانیان نییە و ناتوانن لە بەرامبەر پێشکەوتنە چەندایەتی و چۆنایەتییەکانی ئێراندا پارێزگاریی تەواو بکەن؛ جگە لەوەی بەردەوامیی ئەم ڕەوتە زیانی دارایی گەورەی بە ئابووریی جیهان گەیاندووە و سوپای ئیسرائیلیش بەرگەی شەڕێکی درێژخایەنی پڕ لە فرسوودەبوون ناگرێت.

لە بەشێکی دیکەی هەڵسەنگاندنەکەیدا دەربارەی دۆسیەی ئۆکراینا، مێرشایمەر باسی لەوە کرد ترەمپ بۆ ئاسانکاری لە هەناردەکردنی نەوت و گازوایلی ڕووسیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، گوشار دەخاتە سەر کێڤ و بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئامادەیە ئۆکراینا بکاتە قوربانیی ئابووریی جیهانی و وزە.