جام کوردی - سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی «المطلع»ی عێراقی ڕاگەیاندووە، دۆسیەی دەرکردنی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان یان ڕادەستکردنەوەیان بە ئێران، لە سەرووی ئەو پرسانەیە کە لە سەردانی ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی شاندێکی ئێرانی بۆ بەغدا تاوتوێ دەکرێن. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ چارەسەرکردنی ئەم دۆسیەیەدا هاوڕایە، بەڵام پێویستە هەنگاوی کرداری بنرێت، هاوکات لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر سەروەریی خاکی عێراق و فشارخستنە سەر حکوومەت بۆ چارەسەرکردنی خێرای قەیرانی باکووری وڵات.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد کە ئەم هەنگاوانە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ۱۲ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر، کە ڕەخنەی لەوە گرتبوو کە ناوی نا «هەڵسوکەوتی نابەرپرسانەی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان» و پێی وابوو ئەمە هەرێمی ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە کردووەتەوە.

بارزانی لەو بارەیەوە وتبووی: «بەداخەوە گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران بە شێوازێکی نابەرپرسانە جووڵانەوە و هەرێمی کوردستانیان خستە دۆخێکی زۆر سەخت و لەژێر مەترسیی گەورەدا»، هەروەها وتیشی: «ئێمە بەکارهێنانی خاکی هەرێم بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران ڕەت دەکەینەوە، چونکە ئێران دراوسێمانە و ئەم شەڕەش شەڕی ئێمە نییە، هەرێمی کوردستان نابێتە سەکۆیەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران.» بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد کە نابێت ڕێگە بە هیچ گرووپێکی چەکدار بدرێت لە خاکی هەرێمەوە هەڕەشە لە وڵاتانی دراوسێ بکات، چونکە ئەمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕەتکراوەیە و بەپێی یاسا و دەستووری عێراقیش قەدەغەیە.

لەم چوارچێوەیەدا، محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە ۲۰ی تشرینی یەکەم/ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند کە کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنیی هاوبەشی عێراق و ئێران گەیشتووەتە ڕێککەوتن بۆ دوورخستنەوەی گرووپە کوردییەکانی ئێران یان ڕادەستکردنەوەیان بە تاران. بەڵام سەرچاوەیەکی عێراقی کە بەشداریی کۆبوونەوەکەی کردبوو، ڕێککەوتنی نوێی لەسەر دەرکردن یان ڕادەستکردنەوەی ئەو گرووپانە ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان تایبەت بوون بە ئاسایشی سنوور و هەماهەنگیی نێوان هەردوو لا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە.

ئەم دۆسیەیە بەهۆی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاشەوە دیسان هاتووەتەوە بەر باس، سەبارەت بە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ پڕچەککردنی گرووپە نەیارەکانی کوردی ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرە کوردەکانەوە؛ لێدوانێک کە نیگەرانیی لە ئەگەری بەکارهێنانی خاکی هەرێمی کوردستان وەک سەکۆیەک بۆ جووڵە و هێرشکردنە سەر ئێران لێکەوتووەتەوە.

لە چوارچێوەیەکی ئەمنیی فراوانتردا، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا ڕۆژی سێشەممە ۲۰ی ئۆکتۆبەر ڕایگەیاند، هێزەکانی تورکیا تا ئەو کاتەی ئاسایشی سنوورەکانیان مسۆگەر دەکرێت لە عێراق و سووریا دەمێننەوە، و پێداچوونەوە بە جێگیربوونی هێزەکانیان بەندە بە فەراهەمبوونی مەرجە ئەمنییە پێویستەکانەوە؛ هەڵوێستێک کە کشانەوە دەبەستێتەوە بە دەستەبەرکردنی گەرەنتیی ئەمنییەوە بۆ ئەنقەرە لەلایەن کوردەکانەوە.

سەرچاوەکەی ئاژانسی «المطلع» ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوامبوونی چالاکیی گرووپە کوردییە ئێرانییەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لەوانەیە کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران دروست بکات، بەتایبەت لە سایەی تۆمەتەکانی تاران بەوەی خاکی عێراق بۆ چالاکیی مەترسیدار و هێرشکردنە سەر ئاسایشەکەی بەکاردەهێنرێت. ئەمەش دەکرێت فشارە سیاسی و ئەمنییەکان لەسەر بەغدا زیاد بکات و هەوڵەکانی بۆ پاراستنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا ئاڵۆزتر بکات.

ئەو سەرچاوەیە زیادی کرد کە مانەوەی ئەم پرسە بەبێ چارەسەر دەکرێت ناوچە سنوورییەکان بخاتە بەردەم گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر، هەروەها حکوومەتی عێراق بخاتە بەردەم تەحەدای سەپاندنی سەروەریی خۆی بەسەر تەواوی خاکی وڵات و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بۆ دژایەتیکردنی دراوسێکانی وەک ئێران، تا ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت و ڕێگری لە فراوانبوونی ناکۆکییەکان لەگەڵ تاران بکرێت.

ئەم بابەتانە لەگەڵ پابەندییەکانی بەغدا لە چوارچێوەی ڕێککەوتننامەی ئەمنیی عێراق و ئێران (واژۆکراو لە ساڵی ٢٠٢٣) تێکەڵ دەبنەوە، لە کاتێکدا ناکۆکی لەسەر میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو گرووپانە و پێویستیی ڕەچاوکردنی سەروەریی عێراق و لایەنە یاساییەکانی پەیوەست بە تاکەکان و خێزانەکانیان بەردەوامە.