جام کوردی - سەرۆککۆماری ئێران لە پەیامێکدا بۆ «کۆڕبەندی نیشتمانیی خانمی کورد» جەختی لەوە کردەوە: ئەمڕۆ تۆمارکردن و گێڕانەوەی ژیان، تێکۆشان و ئەزموونی ژنانی کورد و گواستنەوەی ئەم میراتە پڕبایەخە بۆ نەوەی لاو، هەنگاوێکی شایستەیە لە پاراستنی یادەوەریی مێژوویی و بەهاکانی خۆبەختکردن و خۆڕاگریدا؛ هەروەها پارێزگای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی وڵات، لە دروستکردنی ئێرانێکی ئاوەدانتر و پێشکەوتووتردا پشکێکی بەنرخیان هەبووە و هەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی دەقی پەیامەکەی مەسعوود پزیشکیان بەم شێوازەیە:
«بە ناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
ناسین و ناساندنی پێگە و سیمای خانمی ڕەسەنی کورد، هەنگاوێکە لە ڕێزگرتن لە پلە و پایەی ژن و ناسیاریی دووبارەی بەشێک لە مێژوو، فەرهەنگ و ناسنامەی ئێرانی ئازیز؛ ئەو ژنانەی لە درێژایی مێژوودا هاوتەریب لەگەڵ پاراستنی میراتی فەرهەنگی، پتەوکردنی بنەمای خێزان و پەروەردەکردنی نەوەکانی داهاتوو، لە بوارەکانی زانستی، فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و بەتایبەت لە گۆڕەپانەکانی فیداکاری و لەخۆبوردووییدا دەوری کاریگەریان گێڕاوە و میراتێکی نەمریان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە.
ژنانی کورد بەشێکی دانەبڕاون لە یادەوەریی مێژوویی و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی ئێران. ناسینەوەی ژیان، ئەزموون و دەستکەوتەکانیان، جیا لەوەی کە تێگەیشتنی ئێمە بۆ مێژوو و کولتووری ئەم خاکە قووڵتر دەکاتەوە، دەبێتە هۆی بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و پاراستنی پەیوەندییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێرانییەکان.
بۆ من کە خۆم لەدایکبووی شاری کوردنشینی مەهابادم و لە سەردەمی بەرگریی پیرۆزدا لە نزیکەوە شایەتی فیداکاری و خۆڕاگریی ژنانی ئەم ناوچەیە بووم، ناساندنەوەی دەوری ئەوان تەنها خوێندنەوەی بەشێک لە مێژوو نییە، بەڵکوو بیرهێنانەوەی دیمەنە نەمرەکانی خۆبەختکردن و ڕاوەستانی ئەو ژنانەیە کە لە سەخترین ڕۆژەکانی شەڕی سەپێندراودا، هاوشانی بەرپرسیاریەتیی قورسی پاراستنی بنەمای خێزان و گەورەکردنی منداڵەکانیان، لە بەرگریکردن لە نیشتمانیشدا دەورێکی کاریگەر و ئازایانەیان گێڕا. ئەمڕۆ، تۆمارکردن و گێڕانەوەی ژیان، تێکۆشان و ئەزموونەکانیان و گواستنەوەی ئەم میراتە گرانبەهایە بۆ نەوە لاوەکان، هەنگاوێکی شایستەیە بۆ پاسەوانی لە یادەوەریی مێژوویی و پاراستنی بەهاکانی فیداکاری و بەرگری.
باوەڕم وایە کە وەدیهاتنی گەشەپێدانی بەردەوام، پێویستی بە گرنگیدان بە لێهاتووییەکانی ژنان و ڕەخساندنی دەرفەتی دادپەروەرانەیە بۆ بەشداریکردنی کاریگەری ئەوان. ژنان تەنها بەردەنگی سیاسەتەکانی گەشەپێدان نین، بەڵکوو یەکێکن لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی پێشکەوتنی وڵات. کەڵکوەرگرتن لە تواناکانیان لە بوارەکانی زانست، فەرهەنگ، ئابووری و بەڕێوەبردندا، توانای کۆمەڵگە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بنیاتنانی ئایندەیەکی باشتر زیاد دەکات. لەم روانگەیەوە، ناساندن و ڕێزگرتن لە ژنانی بلیمەت و کاریگەر، زەمینەسازە بۆ بەهێزکردنی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و پەرەپێدانی دەرفەتەکان بۆ گەشەکردنی بەهرەکان لە نەوەکانی داهاتوودا.
ئەمڕۆ، ئێرانی ئازیز بۆ گەیشتن بە شکۆ و سەربەرزی و کەڵکوەرگرتن لە سەرجەم تواناکانی خۆی، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە بەشداریی گشتگیری خەڵک، بەفەرمی ناسینی هەمەچەشنیی نەتەوەیی و فەرهەنگی، و ڕەخساندنی زەمینەی گەشەسەندنی توانستە مرۆییەکان لە سەرانسەری وڵاتدایە.
پارێزگای کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی وڵات، بە پێشینەی دەوڵەمەندی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خۆیان، هەمیشە لە بنیاتنانی ئێرانێکی ئاوەدانتر و پێشکەوتووتردا پشکێکی بەنرخیان هەبووە و هەیە. بەهێزکردنی ئەم توانایانە، پێویستی بە پتەوکردنی تەبایی و هاوپشتیی کۆمەڵایەتی، هاوکاری و هەماهەنگیی دامودەزگا جێبەجێکارەکان و ناوەندە زانستی و فەرهەنگییەکان هەیە، و لە هەمووی گرنگتر، ڕەخساندنی دەرفەتی پێویستە بۆ ئامادەبوون و بەشداریی کاریگەری ژنان لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەکاندا.
چاوەڕوان دەکرێت دەستکەوتەکانی «کۆڕبەندی نیشتمانیی خانمی کورد»، جیا لە ناساندن و ڕێزگرتن لە خاتوونە ناودارەکانی کورد، ببێتە هۆی تۆمارکردن، داڕشتن و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوە باوەڕپێکراوەکان، قووڵکردنەوەی لێکۆڵینەوەکان لەسەر ناسنامە، پێگە و ڕۆڵگێڕانی ژنان، و هەروەها داڕشتنی بەرنامەی کردەیی و کاریگەر بۆ پشتیوانیکردن لە بەهرە و لێهاتووییەکانیان.
منیش لای خۆمەوە، وێڕای ڕێزگرتن لە پێگە و پایەی هەموو ژنان و کچانی نیشتمانی ئازیزمان، سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەی خۆم ئاراستەی سەرجەم دەستەی بەڕێوەبەرانی ئەم ڕووداوە فەرهەنگییە، لێکۆڵەران، خاوەن بەرهەمەکان و ئەو خاتوونە بەڕێزانە دەکەم کە بە زانست، ئەزموون و هەوڵی خۆیان دەوڵەمەندییان بەم کۆڕبەندە بەخشی. هیواخوازم ئەم ڕووداوە، هەنگاوێکی نەمربێت لە ناساندن و ڕێزگرتن لە تواناکانی ژنانی کورد، بەهێزکردنی پەیوەندییە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکان، و ڕەخساندنی زەمینەی سوودمەندبوونی دادپەروەرانە لە توانستە مرۆییەکانی ئەم سەرزەمینە.»