جام کوردی - سەید عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئێران لە کۆبوونەوەی تایبەت بە تاوتوێکردنی سیاسەتی دەرەوە ڕایگەیاند، پێکدادان و شەڕەکانی ئەم دوایییە لە ناوچەکەدا هاوکێشە ئەمنییەکانیان گۆڕیوە و ڕێڕەوەکانی هاتوچۆ و شێوازی بەڕێوەبردنی «گەرووی هورمز» وەک ڕابردوو نامێنێتەوە. ناوبراو هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە هەر هێرشێکی سەربازیی دووبارە بۆ سەر خاکی ئێران، هیچ ئەنجامێکی جیاوازی بۆ هێرشبەران بەدواوە نابێت.

عێراقچی بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییە سەربازی و ئەمنییەکانی ئەم دوایییەی ناوچەکە ڕایگەیاند: «ئەم گۆڕانکارییانە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوون کە پێکهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکەیان خستە ژێر کاریگەرییەوە. ڕووداوەکان سەلماندیان کە پشتپەستن بە مۆدێلە ئەمنییەکانی هێزە دەرەکییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، نەک هەر ئاسایشی بەردەوامی بۆ وڵاتانی میواندار بەدی نەهێناوە، بەڵکوو ئەو بنکانە خۆشیان لە کاتی ئاڵۆزییەکاندا بەرەوڕووی زیان و لاوازی بوونەتەوە.»

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوە کرد کە تاران خوازیاری گەیشتنی ئامادەیی سەربازیی هێزە بیانییەکانە بۆ «ئاستی سفر» لە ناوچەکەدا و وتی: «ئاسایشی کەنداو دەبێت بە هاوکاریی دەستەجەمعی و گفتوگۆی نێوان وڵاتانی ناوچەکە خۆیان و بەبێ دەستێوەردانی دەرەکی دابین بکرێت؛ چونکە ئاسایش شتێک نییە لە دەرەوە هاوردە بکرێت.»

لە درێژەی قسەکانیدا، عێراقچی جەختی لەسەر پێویستیی کۆتاییهاتنی شەڕ و گرژییەکان لە سەرجەم بەرەکاندا کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئێران پەیوەندیی بەردەوامی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا هەیە و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی دیپلۆماسی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشەوە، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ پێکهاتەی ئەمنیی داهاتووی ناوچەکە دابڕێژرێت، بە جۆرێک کە دراوسێکان وەک شەریک و هاوبەشی چارەنووس سەیر بکرێن، نەک ڕکابەر.