جام کوردی - بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک‌وەزیرانی ئیسرائیل، لە لێدوانێکی نوێدا هۆشداری دا لە ئەگەری ئەنجامدانی ساختەکاری لە پرۆسەی هەڵبژاردندا و ئیدیعای ئەوەی کرد کە هەوڵ هەیە بۆ دەستکاریکردنی دەنگی لایەنگرانی باڵی ڕاستڕەو.

کەناڵی ١٤ی ئیسرائیل، کە وەک میدیایەکی نزیک لە نەتانیاهۆ دەناسرێت، بڵاوی کردەوە کە سەرۆک‌وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردووە پلانی دەستکاریکردن و ساختەکردنی دەنگەکان لە ئارادایە، بەتایبەت لەو بنکە و ناوچانەی کە پێگەی سەرەکی و نەریتیی لایەنگرانی باڵی ڕاستڕەوی توندڕەون.

نەتانیاهۆ لە پەیامەکەیدا ڕاستەوخۆ داوای لە دەنگدەران کردووە کە لە کاتی بەشداریکردندا لە سەر سندووقەکان، بە تەواوی و بە وردی لە پەڕەی دەنگدانەکانیان بکۆڵنەوە؛ تا دڵنیا ببنەوە لەوەی کە کاغەزەکە هیچ کڕان و بڕانێکی پێوە نییە و هیچ نووسراو یان هێمایەکی ناڕێک و زیادەی لەسەر تۆمار نەکراوە، بۆ ئەوەی دەنگەکانیان نەسوتێنرێت یان بەتاڵ نەکرێتەوە.

چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە ورووژاندنی ئەم بابەتە لەم کاتە هەستیارەدا لەلایەن نەتانیاهۆوە، پێشینەیەکی سیاسییە بە مەبەستی دروستکردنی گومان لەسەر شەرعییەتی پرۆسەکە لە ئەگەری شکستهێنانیدا، لە سایەی ئەو کێبڕکێ و ئاڵۆزییە توندەی کە لە گۆڕەپانی سیاسیی ئیسرائیلدا دەگوزەرێت.