جام کوردی - بە پێی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوەییی ڕۆژنامەی بەریتانیی «فایننشال تایمز»، «دۆناڵد ترامپ جونیۆر» و «ئێریک ترامپ»، کوڕەکانی سەرۆک کۆماری ئەمەریکا، لە سەرەتای خولی دووەمی سەرۆکایەتیی باوکیانەوە تا ئێستا، دەستپێشخەریی دیداری نهێنییان لەگەڵ سیاسی و بەرپرسانی باڵای ۱۸ وڵات و ناوچەی جیهان کردووە.

ئەوە لە دۆخێکدایە کە داهاتی پڕۆژە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوی ترامپ بە ڕێژەی ۴۰٪ بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ۶۳ ملیۆن دۆلار.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، دیدارەکانی کوڕەکانی ترامپ لەگەڵ لانیکەم ۶ سەرۆکوەزیران یان سەرۆکدەوڵەت و ۹ وەزیر و بەرپرسی باڵا ئەنجام دراون.

ئەم گەشتە بازرگانی و دیپلۆماسییە نافەرمییانە لە وڵاتانی وەک ئێستۆنیا، مەنگۆلیا، جۆرجیا و ڤێتنام ئەنجام دراون و کاردانەوەی توندی چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی ئەخلاقیی دەوڵەتی لێکەوتووەتەوە.

ڕەخنەگران پێیان وایە ئەم هاوکاری و دیدارە بازرگانییانە بۆشایی بۆ کاریگەریدانان لەسەر سیاسەتی دەرەکیی ئەمەریکا دەڕەخسێنن، هەرچەندە ئیدارەی ترامپ ئەم تۆمەتانەی ڕەتکردووەتەوە و جەختی لەسەر یاسایی‌بوونی کارەکانیان کردووەتەوە.