جام کوردی - لە درێژەی گرژییە سەربازییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی چاودێرییە هەواڵگرییەکان لە ناوچە ستراتیژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، زانیارییەکان دەردەخەن کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) پێشکەوتووی سیخوڕی سوپای ئەمریکا لە ڕۆژئاوای تەنگەی هورمز کراوە بە ئامانج گیراوە و خراوەتە خوارەوە. 

ئەم فڕۆکە بێفڕۆکەوانە کە بۆ ئەرکی سیخوڕی، کۆکردنەوەی زانیاریی هەواڵگری و هەروەها تێکدانی سیستەمەکانی پشکنین و فێڵبازی ئەلیکترۆنی بەکار دەهات، لە کاتی تێپەڕبوون یان نزیکبوونەوە لە سنوورە ئاو و ئاسمانییە هەستیارەکانی ناوچەکە، لەلایەن سیستمە بەرگرییە پەیوەندیدارەکانی سوپای پاسدارانەوە ناسرایەوە. دوای دەستنیشانکردنی ئامانجەکە و پشتڕاستکردنەوەی پێشێلکارییەکە، دەستبەجێ ڕوشوێنی پێویست گرتراوەبەر و درۆنەکە پێکراوە، کە ئەمەش گورزێکی تری هەواڵگری و سەربازی بۆ سەر تواناکانی چاودێریی ئەمریکا لە ناوچەکەدا هەژمار دەکرێت. 

تەنگەی هورمز وەک یەکێک لە گرنگترین و هەستیارترین ڕێڕەوە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوەی نەوت و کەرەستە بازرگانییەکان، لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار شاییدی ڕووداوی هاوشێوە، پێکدادانی ناوچەیی و بەرزبوونەوەی گرژییە سەربازییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن بووە. شارەزایانی سەربازی پێایان وایە خستنەخوارەوەی ئەم جۆرە درۆنە سیخوڕیە، نیشاندەری هۆشیاریی بەرز و ئامادەیی تەواوی هێزە بەرگرییەکانی ئێرانە لە پاراستنی سنوورە ئاسمانی و دەریاییەکانی وڵات لە ناوچە کەنداو و تەنگەی هورمزدا.