بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی سەلیمی، بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان، ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و وتی: لە سەرەتای ئەمساڵەوە بە گشتی 1 ملیۆن و 557 هەزار هاتوچووی موسافر لە تێرمیناڵی سنووری خوسرەوی و پەرویزخان تۆمار کراوە.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پشکی هەریەک لەو تێرمیناڵانە ڕایگەیاند: زیاتر لە 1 ملیۆن و 422 هەزار هاتوچوو لە ڕێگەی سنووری خوسرەوییەوە ئەنجام دراوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گرنگی ئەم دەروازە لە هاتوچووی زیارەتکاران بۆ مەزارگە پیرۆزەکان و سەفەرکردنیان بۆ شارە پیرۆزەکانی عێراق.
سەلیمی هەروەها تۆمارکردنی زیاتر لە 135 هەزار هاتوچووی سەرنشینانی لە تێرمیناڵی سنووری پەرویزخان ڕاگەیاند و زیادی کرد: جگە لە ڕۆڵی گرنگ لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ترانزێتی نێوان ئێران و عێراق، ئەم سنوورە یەکێکە لە ڕێگا سەرەکییەکانی هاتوچووی کاسبکاران و بازرگانان و چالاکانی ئابووری دوو وڵات.
بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی ڕێگاوبان و گواستنەوەی پارێزگای کرماشان جەختی لەوە کردەوە: ئاسانکاری بۆ هاتوچووی موسافران و چالاکانی ئابووری لە ڕێگەی سنووری پەرویزخانەوە دەتوانێت ڕێگە خۆش بکات بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە بازرگانی و ئابوورییەکانی نێوان هەر دوو وڵات.
ناوبراو بە ئاماژەدان بە پلانەکانی ئەم ئیدارە گشتییە بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە سنوورییەکان، وتی: پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری، باشترکردنی کوالیتی خزمەتگوزارییەکان و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی ترانزێت لە تێرمیناڵی سنووریی خوسرەوی و پەرویزخان بە کەڵک وەرگرتن لە تواناکانی ئێستا و هاوکاری لەگەڵ ئەو دەزگایانەی کە لە سنوورەکاندا هەڵکەوتوون، بەڕێوەدەچێت.