جام کوردی - شیکاران دەڵێن کە ئاڵۆزی و پێکدادانەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەناردە و خستنەڕووی پەینی کیمیایی لەم ناوچەیەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان پەکخستووە، ئەمەش بەرهەمهێنانی جیهانیی خۆراک و بەرهەمداریی کشتوکاڵی خستووەتە بەر مەترسییەکی زۆر جدییەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی «نەشناڵ نیووز»، گەرووی هورمز کە یەکێک لە شاڕێگە سەرەکییەکانی بازرگانیی جیهانە، تا ڕادەیەکی زۆر (لەلایەن تارانەوە) بە داخراوی ماوەتەوە؛ ئەو کەشتییە (سەرپێچیکارانە)ش کە هەوڵی تێپەڕین لەم ئاوڕێیە دەدەن، ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبنەوە، ئەم دۆخەش قەبارەی بارە هەناردەکراوەکانی بە توندی دابەزاندووە.
عەرەبستانی سعوودی لە هەوڵی ئەوەدایە لە ڕێگەی وشکانییەوە پەینی کیمیایی بگوازێتەوە بۆ بەندەرەکانی خۆی لەسەر دەریای سوور، بەڵام سنوورداربوونی ئەم ڕێژەیە ئەوە دەگەیەنێت کە ڕێگەی وشکانی ناتوانێت ببێتە جێگرەوەیەکی گونجاو بۆ گواستنەوە لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
مادلین ئۆڤەرگارد، بەڕێوەبەری باڵای بەشی داتاکانی کشتوکاڵ لە کۆمپانیای «کەپلەر» (Kpler)، دەڵێت: «قەبارەی هەناردە لەنێوان ٧٠ بۆ ٧٥ لەسەد دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی سنوورداربوونی خستنەڕووی جیهانیی گۆگرد و پەینە نایترۆجینی (ئۆریا) و فۆسفاتییەکان. قەبارەی بارە هەناردەکراوەکان لە مانگی سێپتەمبەردا بۆ ٩٩٤ هەزار تۆن دابەزی، لە کاتێکدا لە هەمان مانگی پارساڵدا ٣.٤١ ملیۆن تۆن بوو.»
ناوبراو پێشبینی دەکات کە قەبارەی هەناردەکردن تا کۆتاییی ئەمساڵ لەم ئاستە نزمەدا بمێنێتەوە، «مەگەر ئەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەرەو باشبوون بچێت.»
وڵاتانی کەناری کەنداوی فارس دابینکەری سەرەکیی ئۆریا و کەرەستە بنەڕەتییەکانی تری بەرهەمهێنانی پەینن، بەتایبەت نایترۆجین و گۆگرد. میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان، عەرەبستانی سعوودی و قەتەر لە هەناردەکارە سەرەکییەکانی ئەم بەرهەمانەن؛ بەرهەمگەلێک کە بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی کشتوکاڵی، بەتایبەت لە وڵاتانی وەک هیندستان کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی برنج و گەنمی جیهان، زۆر پێویست و حەیاتین.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای کەپلەر، ناوچەی کەنداوی فارس خاوەنی ٢٥ بۆ ٣٠ لەسەدی بەرهەمهێنانی گۆگردی جیهان و ٥٠ لەسەدی بازرگانیی دەریاییی ئەم ماددەیەیە، کە تەواوی ئەم بارانەش لە ڕاستیدا بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ دەبن.
لە کاتێکدا بەرهەمهێنەرە گەورەکانی جیهان، لەوانەش چین و ئەمریکا، نزیکەی تەواوی گۆگردی دەرهێنراوی ناوخۆیان بۆ پێداویستیی خۆیان بەکار دەهێنن، وڵاتانی کەناری کەنداوی فارس بەشی هەرەزۆری بەرهەمەکانیان هەناردە دەکەن. بۆ ئۆریاش دۆخەکە هەر بەم جۆرەیە؛ واتە هەرچەندە ناوچەی کەنداوی فارس خاوەنی ١٠ بۆ ١٢ لەسەدی بەرهەمهێنانی جیهانیی ئۆریایە، بەڵام پشکی لە بازرگانیی دەریاییی ئەم بەرهەمەدا دەگاتە ٣٠ بۆ ٤٠ لەسەد.
چین و هیندستان وەک گەورەترین بەرهەمهێنەرانی ئۆریا لە جیهاندا، تەواوی بەرهەمەکانیان لە ناوخۆدا بەکار دەبەن، کەواتە دابینکردنی ئۆریای بازاڕی جیهانی لە ڕێگەی دەریایییەوە تا ڕادەیەکی زۆر بە وڵاتانی کەنداوی فارسەوە بەستراوەتەوە.
ئۆڤەرگارد ئاماژەی بەوەش کردووە: «بەردەوامیی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە ڕێڕەوەکانی کەشتیوانیدا، دڵەڕاوکێ و نیگەرانییەکی زۆری لەلایەن خاوەن کەشتییەکان و کۆمپانیاکانی بەکرێگرتنی کەشتیدا دروست کردووە، ئەم دۆخەش بووەتە هۆی پەککەوتنی دابینکردنی بارەکان.»
جەنگی (دەستدرێژکارانەی) ئەمریکا دژی ئێران لە ٢٨ی فێبریوەری (٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤) بە هێرشی ئەمریکا و (ڕژێمی) ئیسرائیل بۆ سەر تاران دەستی پێ کرد. ئێرانیش لە بەرپەرچدانەوەیەکی تۆڵەسێنەرانەدا، سەروەت و پێگە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا کردە ئامانج.
بەدوای ئەم پێشهاتانەدا، گەرووی هورمز (لەلایەن ئێرانەوە) داخرا و گواستنەوەی نەوتی خاو، گازی سروشتیی شلکراوە و پەینە کیمیاییەکان لە ناوچەکەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان ڕاگیرا. لە کاتی هێرشەکاندا دامەزراوەکانی گازی سروشتیی قەتەر زیانی گەورەیان پێ گەیشت و نرخی نەوت بۆ زیاتر لە ١٢٠ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەوە، تا ئێستاش نرخەکان بەهۆی نیگەرانی لە هەناردەی نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئاستێکی بەرزدا ماونەتەوە.
مەترسی لەسەر بەرهەمهێنانی جیهانیی خۆراک
بەپێی ئەم میدیایەی ئەبوزەبی، پێشبینی دەکرێت بارودۆخ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بەرهەمهێنانی خۆراک لە سەرانسەری جیهاندا تووشی مەترسی بکات، بە چەشنێک کە کەمبوونەوەی پەینی کیمیایی دەبێتە هۆی دابەزینی بەرهەمداریی زەوییە کشتوکاڵییەکان. نیگەرانی لە کەمبوونەوەی ئەم پێداویستییانە ڕەنگە جووتیاران ناچار بکات ڕووبەری چاندنی خۆیان کەم بکەنەوە، ئەمەش لە بەرامبەردا هەڵاوسانی نرخی خۆراک لە ئاستی جیهاندا زیاتر دەکات.
ئۆڤەرگارد لەم بارەیەوە دەڵێت: «ئەو کورتھێنانەی ئێستا لە پەینی کیمیاییدا هەیە، بە ناچاری لە ساڵی داهاتوودا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دروێنەی بەروبوومی کشتوکاڵی و هەڵکشانی هەڵاوسانی خۆراک لە زنجیرەکانی داهاتووی دابینکردندا.»
بەگوێرەی «نەشناڵ نیووز»، نرخی جیهانیی خۆراک لە مانگی سێپتەمبەریشدا درێژەی بە ڕەوتی بەرزبوونەوەی خۆی داوە. ئاستەنگە لۆجستییەکان لە دەریای ڕەشدا هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی شەڕی ئۆکراینا، و هەروەها نادڵنیایی لەبارەی هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، هۆکاری سەرەکیی ئەم گرانبوونەن. ئەم دۆخە خەرجیی سووتەمەنی، پەینی کیمیایی و گواستنەوەی دەریاییی لە ئاستێکی زۆر بەرزدا هێشتووەتەوە.
پێوەر (تەژین)ی نرخی خۆراکی سەر بە ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو) کە چاودێریی نرخی کەلوپەلە خۆراکییە سەرەکییەکانی بازاڕەکانی جیهان دەکات، لە مانگی سێپتەمبەردا بە تێکڕا گەیشتە ١٣٦ خاڵ، ئەمەش بەرزبوونەوەی ٢ خاڵ یاخود ١.٥ لەسەد لەچاو مانگی ئاب (ئۆگەست) نیشان دەدات.
پێوەری نرخی بەروبوومی کێڵگەیی، لەوانەش دانەوێڵە، ڕۆنی ڕووەکی و شەکر، هەموویان بەراورد بە مانگی پێشوو زیادیان کردووە. بەگشتی، پێوەری نرخی خۆراک بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو ٥.٨ لەسەد بەرز بووەتەوە.
هەرچەندە دەرکەوتنی سەرچاوەی نوێی دابینکردن تا ڕادەیەک بارگرانیی سەر بازاڕی جیهانیی پەینی کیمیاییی کەم کردووەتەوە، بەڵام وەک راجیڤ پاندی، شیکاری باڵای کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی ئاماژەی پێ دەکات: «هیچ کام لەم سەرچاوە جێگرەوانە ناتوانن بۆشاییی خستنەڕوو بە تەواوی پڕ بکەنەوە، خۆ ئەگەر بتواننیش، قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمبوونەوەیە بە تێچووی زۆر زیاتر ئەنجام دەدرێت.»