جام کوردی - شارەزایەکی کەرتی نەوت و وزە لە ئێران ڕایگەیاند کە تەنگژە و ئاڵۆزییە ناوچەییەکان بوونەتە هۆی ناسەقامگیریی بازاڕی جیهانی و لە ئێستادا لە نێوان ۲۰ تا ۲۵ دۆلار لە بەهای هەر بەرمیلێک نەوت و گەیەنەرەکانی وزە، دەگەڕێتەوە بۆ مەترسییە جیۆپۆلەتیکییەکان؛ بۆیە ناکرێت لە کورتخایەندا چاوەڕوانی دابەزینی بەرچاوی نرخەکان بین.

میهراد عەباد لە گفتوگۆیەکدا ئاماژەی بە کەمبوونەوەی یەدەگی ستراتیژی لە وڵاتانی وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا کرد و گوتی: بەهۆی کێشەکانی هێڵی دابینکردنی وزە، وڵاتان ناچار بوون پەنا بۆ یەدەگەکانیان ببەن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە لە هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوت تا ۱۱۷ دۆلار بەرز بووەوە، بەڵام پاش پەیامە ئەرێنییە دیپلۆماسییەکان دابەزینێکی کەمی بەخۆیەوە بینی، هەرچەندە نادڵنیایی لە کەنداو و دەریای سوور ڕێگرە لە دابەزینی زۆرتر.

سەبارەت بە داهاتووی بازاڕیش، ئەم شارەزایە باسی لە سێ سیناریۆ کرد: لە سیناریۆی گەشبینانەدا، تەنانەت لە ئەگەری ڕێککەوتنیشدا، دیاردەی «چەسپاوی نرخەکان» دەبێتە هۆی ئەوەی نەوت لە دەوروبەری ۱۰۰ دۆلار بمێنێتەوە. لە سیناریۆی بەردەوامیی ئاڵۆزییەکاندا، نرخ دەگاتە ۱۲۰ دۆلار و ئەگەر قەیرانێکی گشتگیر و سەربازی لە گەرووی هورمز و کەنداوی فارس سەرهەڵبدات، وەک بانکی جیهانی هۆشداری داوە نرخەکان تا ۱۳۵ دۆلار بەرز دەبنەوە. 

عەباد لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە هێوربوونەوەی ڕاستەقینەی نرخی نەوت تەنیا لە درێژخایەن و بە چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشە سیاسی و جیۆپۆلەتیکییەکان مسۆگەر دەبێت، بەڵام هەر لێکتێگەیشتنێکی دیپلۆماسی لە ئێستادا وەک بەربەستێک دەبێت لە بەرانبەر هەڵکشانی شێتانەی نرخەکان لە جیهاندا.