جام کوردی - هاوکات لەگەڵ ساڵیادی ١٣ی خەزەڵوەر (ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاری لە ئێران)، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە پەیامێکی توونددا ستراتیژیی وڵاتەکەی سەبارەت بە گەرووی هورمز، مەرجەکانی ئاسایشی بەردەوام و چۆنیەتیی وەڵامدانەوە بە هەڕەشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی خستەڕوو.

لە پەیامەکەی سەرلەشکەر فڕۆکەوان عەلی عەبدوڵڵاهیدا جەخت کراوەتەوە کە ١٣ی خەزەڵوەر تەنها ڕووداوێکی مێژوویی نییە، بەڵکو بەڵگەیەکی زیندووە بۆ دژایەتیکردنی ستەمکاری و دەستدرێژییەکانی ئەمریکا کە لە کودەتای ٢٨ی گەلاوێژەوە دەستی پێکردووە و تا هێرشە تێکەڵاوەکانی ئەم دواییەی دژ بە ئێران بەردەوام بووە. لە پەیامەکەدا هاتووە کە دەستدرێژی و هێرشەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی بێ وەڵام ناهێڵدرێنەوە.

هەروەها لەم پەیامەدا نەخشەی ڕێگای ئێران بۆ ئاسایشی بەردەوام لەسەر پێنج بنەما پۆلێن کراوە؛ لەوانە کۆتاییهاتن بە جەنگەکان لە غەززە و لوبنان، هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان، قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی جەنگ، داننان بە سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا، و مسۆگەرکردنی دەستدرێژینەکردنەوە و پێکهێنانی ڕێکخستنی ئەمنیی ناوچەیی.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، فەرماندەی بڕیارگەی خاتەمولئەنبیا هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و هاوپەیمانەکەی و ڕایگەیاند: «هێزە چەکدارەکان بە نوێکردنەوەی بانکی ئامانجەکان و خستنەبەر تیرڕەسی سەرجەم سەروەت و سامانە مادی و نەمادییەکانی دوژمنی ئەمریکی-زایۆنی، ئامادەن هەر جۆرە هەڕەشەیەک لە هەر ئاستێکدا بە وەڵامێکی خێرا، کاریگەر و بێسنووری جوگرافی وەڵام بدەنەوە.»