بەرگریکاری چەپی ئینتەرمیلان کە لە چەند مانگی ڕابردوودا جێگەی سەرنجی بەڕێوەبەرە وەرزشییەکانی یانە کەتەلۆنییەکە بووە، دەیەوێت لە سان سیرۆ درێژە بە ژیانی پڕۆفشناڵی خۆی بدات و گرێبەستێکی درێژخایەن لەگەڵ یانەی نیرازۆری واژۆ بکات.
ڕۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی پێشتر باسی لە گرنگیدان لە لایەن بارسێلۆناوە کردبوو بۆ گواستنەوەی دیمارکۆ. تەنانەت هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ئۆفەرێکی گۆڕینەوەی لەگەڵ ئەلیخاندرۆ باڵدێ، لەگەڵ پارەدانێک لە لایەن بەرشەلۆنەوە، پێشکەشی کردووە؛ ئۆفەرێک کە ئینتەر ئامادە نەبوو وەریبگرێت. دیمارکۆ سەرەڕای ئەوەی پێشوازی لە باسکردنی ناوی خۆی دەکرد شانبەشانی یانەیەکی وەک بەرشەلۆنە، بەڵام ئارەزووی خۆی بۆ ئینتەرمیلانیش نەشاردبووەوە.
لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرانی ئینتەرمیلان هەوڵیانداوە بە زووترین کات دۆخی گرێبەستی بەرگریکارە ئیتاڵییەکە ڕوون بکەنەوە. لە 3ی تشرینی دووەمی 2026 یانەکە بڕگەی درێژکردنەوەی بۆ ماوەی ساڵێک لە گرێبەستەکەیدا کارا کرد و تا مانگی حوزەیرانی 2028 لە یانەکەدا مایەوە، بڕیارەکە بە ڕەزامەندی دیمارکۆ دراوە و یەکەم هەنگاوە بۆ گرێبەستێکی درێژخایەنتر.
هەروەها جۆزێپی مارۆتا سەرۆکی ئینتەرمیلان خواستی یانەکەی و یاریزانەکەی بۆ بەردەوامبوون لە هاوبەشییەکەی دووپاتکردەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، دیمارکۆ ئارەزووی خۆی نیشانداوە بۆ درێژەدان بە ژیانی وەرزشی لەگەڵ ئینتەرمیلان و یانەکەش پێشوازی لەو بڕیارە دەکات.
دیمارکۆ کە وەرزی ڕابردوو خەڵاتی باشترین یاریزانی خولی ئیتاڵیای بەدەست هێنا، بووە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی ئینتەرمیلان. بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، بەرشەلۆنە دەبێت چاوی لە شوێنێکی تر بێت بۆ گواستنەوەی ئەو بەرگریکارە، چونکە وا دیارە دیمارکۆ بڕیارە داهاتووی خۆی لە میلان دروست بکات.