جام کوردی - سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕایگەیاند کە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، دوو کەشتیی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز تووشی تەقینەوە بوون و ئاگریان گرتووە. هاوکات لە کەناراوەکانی باشووری ئێران دەنگی چەند تەقینەوەیەک بیستراوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، ئەم دوو کەشتییە نەوتهەڵگرە هەوڵیان داوە بە شێوازێکی نایاسایی لە گەرووی هورمز تێپەڕن، کە بەهۆی تەقینەوەی مینی دەریاییەوە لە ناوچەکەدا، ئاگریان تێبەربووە. سوپای پاسداران هۆشداریی تووندی داوە کە هەر کەشتییەک هەوڵی تێپەڕبوونی نایاسایی بدات، ڕووبەڕووی هێرشی توندی هێزە دەریاییەکان دەبێتەوە.
لە لایەکی ترەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران ئاشکرایان کرد کە شەوی ڕابردوو دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ناوچە کەناراوییەکانی قیشم، بەندەرعباس، سیریک و جاسک بیستراوە، بێ ئەوەی تا ئێستا هۆکاری فەرمیی ئەو تەقینەوەکانە ڕوون بکرێتەوە.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکی توندی موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، کە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریی داوە بە ئەمریکا و جەختی کردووەتەوە کە ئەگەر هێرشێکی سەربازی دژی ئێران ئەنجام بدرێت، ئەوا توندترین وەڵامیان دەبێت.