جام کوردی - نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا تاوتوێی هاریکاریی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا کرا.
بەپێی ڕاگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێم، لەو دیدارەدا پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران و چۆنیەتیی برەودان بە هاریکاریی هاوبەش بە جۆرێک کە لە خزمەت بەرژەوەندییە هاوبەشەکاندا بێت، تاوتوێ کران.
هاریکاریی ئەمنی و پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو و تێیدا جەخت لەسەر گرنگیی بەردەوامیی هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان وڵاتانی ناوچەکە کرایەوە بۆ پتەوکردنی ئاسایش، هاوکات جەخت لەسەر پەنابردنە بەر دیالۆگ و ڕێگەچارەی ئاشتییانە و دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکان کرا.
سەرۆکایەتیی هەرێم ئاماژەی بەوەش دا کە لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە لێگەیشتن و ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق (لەگەڵ هەرێمی کوردستانیشەوە) و کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و هەروەها سەبارەت بە چەند پرسێکی تری جێی بایەخی هاوبەش، بیروڕایان گۆڕیوەتەوە.