بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەحیا ئالئیسحاق، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ژووری ئێران، بە ئاماژەدان بە سنووردارکردنی ئەم دواییەی هەندێک لە سنوورە هاوبەشەکان، ڕایگەیاند: ئێران و عێراق هاوبەشی بازرگانی لە مێژینەن و ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان دوو وڵات بەردەوامە؛ بۆیە پچڕان لە یەکێک لە دەروازەکاندا، دەکرێ بە گواستنەوەی ڕێڕەوی هەناردەکردن بۆ سنوورەکانی دیکە بەڕێوەبچێت.

ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئێران و عێراق 18 سنوور و دەروازەی هاوبەشیان هەیە، دەشڵێت: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەندێک کاڵا کە پێشتر بەس لە سنوورێکەوە تێپەڕیون، لە ڕێگەی دەروازەکانی دیکەوە دەگوازرێنەوە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​داخستنی کاتی سنوورێک بە مانای ڕاگرتنی ڕەوتی هەناردەکردن نابێت.

سەرۆکی ژووری هاوبەشی ئێران و عێراق بە ئاماژە بە دۆخی هەناردەکردنی وڵات ڕایگەیاند: هەناردەکردنی ئێران بە گشتی بە ڕێژەی لە سەدا 20 بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و تا ڕادەیەکیش ئەم دۆخە کاریگەر بوو لەسەر عێراق.

ئالئیسحاق هیوای خواست ئەو سنووردارکردنانەی کە هەن هەڵبگیرێن و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و عێراق ئاسایی ببنەوە.