جام کوردی - دیاریکردنی عەبدولڕەزا مسگەریان بۆ پۆستی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا، ئەگەر بگاتە قۆناغەکانی کۆتایی و بچێتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە، دەتوانێت دەرفەتێکی بەنرخ بێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی تاران و بەغدا هەنگاو بنێنە ناو قۆناغێکی نوێ لە هاوکارییە سیاسی و ناوچەیییەکانەوە.

مسگەریان لەو کەسایەتییانەیە کە ناسینی بۆ عێراق تەنها لە ڕێوڕەسمە فەرمی و دیپلۆماسییەکاندا کورت نەبووەتەوە. مێژووی کارکردن لە دۆسیەی عێراقدا، شارەزایی لە ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە و پەیوەندییە کاریگەرەکانی لەگەڵ بەرپرسان و لایەنە جۆراوجۆرەکانی عێراق، لێی چەشنە کەسایەتییەکی دروستکردووە کە بە وردی لە ڕاستییە مەیدانی و سیاسییەکانی عێراق ئاگادارە.

یەکێک لە دیارترین توانا و دەرفەتەکانی، ناسین و پەیوەندییە گونجاوەکانیەتی لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق؛ ناوچەیەک کە لە ڕێگەی هاوبەشییە مێژوویی، فەرهەنگی، ئابووری و سنوورییەکانەوە، پێگەیەکی تایبەتی لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە.

بێگومان هەرێمی کوردستان تەنها دراوسێیەکی جوگرافی نییە، بەڵکو یەکێکە لە گرنگترین ئەڵقەکانی پەیوەندیی ئێران لەگەڵ پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتیی عێراقدا. ناسینی وردی حیزب و لایەنە جۆراوجۆرە کوردییەکان و توانای دروستکردنی پردی پەیوەندی لەگەڵ توێژە سیاسییە جیاوازەکانی عێراقدا، دەتوانێت زەمینەخۆشکەر بێت بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی تاران لەگەڵ هەولێر و بەغداشدا.

لە لایەکی تریشەوە، کرماشانیبوونەکەی مسگەریان دەتوانێت گرنگییەکی تایبەتی هەبێت؛ ئەو پارێزگایەی کە بەهۆی سنووری هاوبەش، گرێدراویی مێژوویی و فەرهەنگی و توانا بەرفراوانە ئابوورییەکانەوە، هەمیشە یەکێک بووە لەو تەوەرە سەرەکییانەی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستانی پێکەوە بەستووەتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت بوونی ناوبراو لە بەغدا، ئەگەر بێت و لەوێ ئامادە بێت، هاریکارییە ئابوورییەکان، بازرگانیی سنووری، گەشتیاری، پەیوەندییە فەرهەنگییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندیی نێوان پارێزگا سنوورییەکانی ئێران لەگەڵ ناوچە جیاوازەکانی عێراق زیاتر بەهێز بکات.

دیپلۆماسیی سەرکەوتوو، هونەری گۆڕینی ناسین و پەیوەندییە سیاسییەکانە بۆ دەرفەتی بەردەوام لە پێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەکاندا.

ئامادەبوونی کەسایەتییەکی خاوەن ئەزموون و شارەزا وەکو مسگەریان لە بەغدا، دەتوانێت زەمینە بۆ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق، هەرێمی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە خۆش بکات؛ دەرفەتێک کە دەبێت لە ڕێگەیەوە متمانەی هاوبەش زیاتر بکرێت، هاوکارییەکان پەرە پێ بدرێن و پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو ملەت گەشەی پێ بدرێت.

ڕەزا ڕەحمەتیان