جام کوردی - تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ عێراق، لە کۆنفرانسی چاتەم هاوسدا داوای لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە تێپەڕاندنی ناکۆکییە حزبییەکان بکەنە ئامانج و هۆشداریشی دا کە ململانێ ناوخۆییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر وەبەرهێنانی ئەمەریکی دەبن.
باراک ڕایگەیاند کە واشنتن ناتوانێت دەستوەردان لە ناکۆکیی نێوان پارتەکاندا بکات و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکان کێشە خێزانی و حزبییەکانیان وەلا بنێن. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرمایەگوزاریی کۆمپانیا بیانی و ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەم دۆخە ئاڵۆزە سیاسییەوە ڕووبەڕووی بەربەست بووەتەوە، هاوکات هێرشی درۆنیی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆری بە توندی شەرمەزار کرد و داوای دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاوی بۆ کرد.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا لە کۆتایی وتەکانیدا دووپاتی کردەوە که: «هەڵوێستی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان تەنها یەک شتە، ئەویش یەکڕیزییە». ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە ناتوانێت لەبەردەم کۆنگرێسدا بەرگری لە ئاڵۆزییە دەستورییەکانی عێراق بکات لە کاتێکدا زنجیرەیەک ململانێی خێزانی و حزبی لە ناوخۆی هەرێمدا بونی هەبێت؛ بۆیە پێویستە ئەم ناکۆکییانە کۆتاییان پێ بێت.