جام کوردی - لە کۆبوونەوەی نێوان، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، تۆم باراک رایگەیاند، ترەمپ دەیەوێت لە مانگی تەمموزی داهاتوو لە کۆشکی سپی پێشوازی لە زەیدی بکات.

بەپێی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و سووریا، جەختیان لەسەر پابەندبوونی هاوبەشی حکومەتی عێراق بە سەرکردایەتی زەیدی و، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ کردەوە، بۆ بنیاتنانی هاوبەشییەکی بەهێز و بەسوود بۆ هەردوولا، هاوبەشییەک کە توانای بەدیهێنانی هیواکانی گەلی عێراقی هەبێت بەرەو داهاتوویەکی خاوەن سەروەری، ئاسایش و گەشەسەندن، و دەستکەوتی بەرجەستە بۆ هەردوو گەلی عێراق و ئەمریکا دابین بکات.

باس لەوەشکراوە، لەم چوارچێوەیەدا، تۆم باراک ڕایگەیاند، کە دۆناڵد ترمپ دەیەوێت ناوەڕاستی مانگی داهاتوو لە کۆشکی سپی، پێشوازی لە عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بکات، بەمەبەستی تاوتوێکردنی داهاتووی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا گفتوگۆیان کردووە لەسەر دیدگای هاوبەش و پڕشنگداری حکومەتی عێراق بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەشاوەتر و پاک لە تیرۆر، و جێبەجێکردنی پلانەکانی عێراق کە ئامانجیان داماڵینی تەواوەتی چەک و هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم گرووپ و پێکهاتە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵات و خستنە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتەوە، لەگەڵ سنووردارکردنی چەک لەژێر دەستی دەوڵەتدا و سەپاندنی سەروەریی ڕەها، بە شێوەیەک کە دوورخستنەوەی عێراق لە ململانێکان مسۆگەر بکات و رێگری بکات لە بەکارهێنانی خاکەکەی لەلایەن هەر لایەنێکەوە بۆ هەڕەشەکردن لە ئاشتی هەرێمی.

لای خۆیەوە، عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانەکانی نێوان هەردوو وڵات دووپاتکردەوە، کە ئەمەش لەلایەن تۆم باراکەوە پێشوازی لێکرا.

ئەوەش هاتووە، هەروەها هەردوولا ستایشی بڕیاری عێراقیان کرد بۆ تەواوکردنی پێدانی مۆڵەتی کارکردن بە کۆمپانیای (ستارلینک) بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ئاستبەرز بۆ بەکارهێنەرانی عێراق، و دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ کۆمپانیای (شیڤرۆن) بۆ پەرەپێدانی کێڵگە نەوتییەکانی “رۆژئاوای قورنە-٢” و “ناسریە” بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا بەدیبهێنێت.

دەشڵێت: جگە لەوەش، جەختکرایەوە لەسەر ڕێگەدان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکانی وەک (HKN) و (Western Zagros) و (Hunt) بۆ دەستپێکردنەوەی کارەکانیان لەگەڵ دابینکردنی گەرەنتی ئەمنیی تەواو بۆیان، و چوونەپێشەوە لە یاداشتی لێکتێگەیشتن لەگەڵ کۆمپانیای (TI Capital) بۆ نۆژەنکردنەوەی هێڵی بۆری کەرکوک-بانیاس وەک ڕێڕەوێکی گرنگ بۆ هەناردەکردنی نەوت.

هەروەک سەرۆک وەزیرانی عێراق و نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی ئەمریکا پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بۆ فراوانکردنی هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراق دووپاتکردەوە بۆ پشتگیریکردنی پێداویستییەکانی عێراق لە بواری کارەبادا، لەنێویاندا پڕۆژەی کۆمپانیای (Excelerate Energy) بۆ پەرەپێدانی وێستگەیەکی سەرئاوکەوتوو بۆ هاوردەکردنی گازی سروشتی شلکراوە (LNG) لە خۆری زوبەیر.

لە کۆتاییدا، هەردوولا جەختیان لە گرنگی پشتگیریکردنی عێراقێکی فیدراڵی، دیموکراتی، بەهێز، یەکگرتوو و خاوەن سەروەری کردەوە کە پشتبەستوو بێت بە دامەزراوە دەستوورییە ڕەسەنەکان، و دابینکردنی یەکسانی تەواو بۆ سەرجەم هاوڵاتیان، بە شێوەیەک کە یەکڕیزی، سەقامگیری و گەشەسەندنی عێراق بەهێزتر بکات.