نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "عەلی فالح ئەلزەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بەغدای بەرەو ئەمریکا بەجێهێشت".

ئەو وەفدەی یاوەری سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن لە 27 کەس پێکهاتوون کە بریکار و وەزیر و ڕاوێژکاریان تێدایە و بڕیارە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا تاوتوێی پرسەکانی سیاسی و ئەمنی و ئابووری و وەبەرهێنان بکەن.

حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەت، ڕایگەیاند ئەم سەردانە لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی عێراقە ، لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەش و هاوسەنگەکان.

هەروەک وتی: سەردانەکە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەتایبەت کە لە کاتێکی هەستیاری ناوچەییدا دێت.

ئاماژەی بەوەشکرد : لە چوارچێوەی یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتن کە لە نێوان عێراق و ئەمریکا واژۆ دەکرێن، بوارەکانی نەوت و گاز و هێنانی کۆمپانیا تایبەتمەندەکانی ئەمریکا دەگرێتەوە، کە ئاستی بەرهەمهێنانی وزە بەرز دەکەنەوە و ڕێگەی دیکە دەدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گەرووی هورمز.

ڕاشیگەیاند: سەردانەکە ئامانجی قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکانە لەگەڵ واشنتن.

ڕوونیشیکردەوە : کە "گفتوگۆکان سەرنج دەخەنە سەر مەلەفە گرنگەکان، کە دیارترینیان پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە.

هەروەک ئاماژەی بەوەشدا: خاڵی جیاواز لەم سەردانە ئەوەیە کە تەوەری سەرەکییەکەی ئابوورییە.

وتیشی: هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێککەوتنامەی چوارچێوەی ستراتیژیدا نییە و هەموو لێکتێگەیشتن و ڕێککەوتنەکان لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنە دەبێت.