فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن دۆنیس لە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکە دوورخرایەوە، و هەواڵی ڕاهێنەرایەتیکردنی کارلۆس کەیرۆش بۆ هەڵبژاردەکە تەنها وەک دەنگۆیەک دەمێنێتەوە.

دوێنێ لە نێوان دەنگۆی دوورخستنەوەی دۆنیس، ڕۆژنامەی ئەلریاز ئیدیعای کرد کە کارلۆس کەیرۆش، سەرۆک ڕاهێنەری پێشووی هەڵبژاردەی ئێران، نزیکە لەوەی کە ئەرکی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی نیشتمانی سعودیە بگرێتە ئەستۆ. 

کەیرۆش مانگی ڕابردوو لە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی غێنا دوورخرایەوە، دوای ئەوەی دوو دۆڕانی لە پاڵاوتنەکانی جامی نەتەوەکانی ئەفریقا ئەزموون کرد.

ئێستا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی سعودیە لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ڕۆژنامەنووسان نێردراوە ڕایگەیاندووە: ئێمە پشتڕاستی دەکەینەوە کە دۆنیس، سەرۆکی ڕاهێنەری یۆنانی بەردەوام دەبێت لەسەر ئەرکی ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی سعودیە.

فیدراسیۆنی سعوودیە جەختی لەوە کردەوە: "ئێمە هەر دەنگۆیەک سەبارەت بە دوورخستنەوەی دۆنیس ڕەتدەکەینەوە، فیدراسیۆنەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاستی سەرجەم ڕاهێنەران بە قۆناغ هەڵدەسەنگێندرێت و چاودێری دەکرێت بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی ئامانجە خوازراوەکان بەدی دەهێنرێن".