جام کوردی ـ بە داخستنی دەروازەی شێخسەڵە–پشتە، کرێکاری بارکردن مووچەی ڕۆژانەی لەدەست دەدات، شۆفێری بارهەڵگر باری بۆ گواستنەوەی نابێت و دووکاندارانێکیش کە بە هاتوچۆی بازاڕۆکەکەوە بەستراون، ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی داهات دەبنەوە. لە سەلاسی باوەجانی تا هەڵەبجە، ئەو خێزانانەی هەر لە ئێستاشدا لەژێر فشاری گرانیدان، بەرپرسیاریی بڕیارێک دەکێشن کە لە بەغدا دراوە.
پێشتر فؤاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاندبوو وەزارەتی خەزانەداریی ئەمریکا لە بەغدای داوا کردووە هەموو دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ ئێران، جگە لە دوو دەروازە، دابخات. لەو بارودۆخەدا، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی دا کە حکومەتی فیدراڵ کۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەکانی بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان بگرێتە دەست. پاشان فەرماندەی هێزەکانی پاسەوانی سنووریی عێراق هەواڵی داخستنی پشتەی لە لایەنی عێراقیی سنووری شێخسەڵەوە ڕاگەیاند.
واشنتن بەدوای زیادکردنی فشاری ئابوورییە بۆ سەر تاران، بەڵام تێچووی سنووردارکردنی بازرگانیی سنووری لە ناو خودی عێراقیشدا دەدرێت. کرێکاری هەڵەبجە و کرێکاری سەلاسی باوەجانی هەردووکیان لە ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی زیان دەبینن. بۆ ئەو خێزانەی خەرجیی ماڵەوە بەو کرێیە دابین دەکات کە هەمان ڕۆژ بەدەستی دەهێنێت، هەر ڕۆژێک داخستن واتە ڕۆژێکی بێداهات. نادادپەروەریی ئەم سیاسەتەش لەوێدایە کە خەڵکێک هیچ ڕۆڵێکیان لە بڕیارەکانی واشنتن و بەغدا نییە، بەڵام دەبێت تێچووی ئەو بڕیارانە لەسەر سفرەی خۆیان بدەن.
حکومەتی عەلی زەیدی دەبێت وەڵامی خەڵک بداتەوە: بۆچی هاوکات لەگەڵ گواستنەوەی کۆنترۆڵی دەروازەکە بۆ دەوڵەتی فیدراڵ، چالاکیی بازرگانیی ئەو دەروازەیە ڕاگیرا؟ بەغدا کەی ڕێگە بە دەستپێکردنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەدات؟ تا ئەو کاتەش، چ پشتگیرییەک بۆ ئەو کەسانە دابین دەکات کە داهاتیان لەدەست داوە؟
خەڵکی شێخسەڵە و پشتە مافی ئەوەیان هەیە بزانن کەی دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان. بەغدا دەبێت کاتێکی دیاریکراو بۆ کردنەوەوەی دەروازەکە ڕابگەیەنێت. کرێی خانوو، قستی قەرز و خەرجیی ژیانی سنوورنشینان تا کۆتایی ڕاوێژەکان چاوەڕێ ناکەن.