​لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ جام کوردی، فاتیح خانی، یەکێک لە شۆفێرانی مەرزی پشتە - شێخ سێڵە تیشکی خستە سەر قەبارەی ئەو زیانە مادییانەی کە بەهۆی راگرتنی جووڵەی بازرگانییەوە بەرۆکی گرتوون و رایگەیاند: "ماوەی پێنج ساڵە خاوەنی بارهەڵگرم و لە مەرزی پشتە کار دەکەم، تاکە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیان و ماڵ و منداڵم گواستنەوەی کاڵا بووە لەم دەروازە سنوورییەوە".

​لای خۆیەوە ئومێد محەمەد، شۆفێرێکی دیکەی هەمان مەرزە ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی دەروازەکە وا دەکات بێکار بمێنێتەوە و نەتوانێت تەنانەت ئەو بڕە پارەیەش بداتەوە کە بۆ کڕینی بارهەڵگرەکەی قەرزی کردووە،

وتیشی: " لە ئێستاوە بەهۆی نەبوونی کارەوە ناتوانم وەڵامی خاوەن قەرزەکانم بدەمەوە، چونکە هیچ داهاتێکم نەماوە".

​هاوکات سەلام ئەحمەد، وەک یەکێکی تر لە شۆفێرانی ئەو سنوورە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کێشەیە تەنها پەیوەندی بە کەسێک و دووانەوە نییە و رایگەیاند: "بژێوی ژیانی نزیکەی ٧٠٠ خاوەن بارهەڵگر و خێزانەکانیان راستەوخۆ بەم دەروازەیەوە بەستراوەتەوە، داخستنیشی بە مانای بێکاربوون و خراپبوونی باری گوزەرانی سەدان خێزانی ناوچەکە دێت".

​لە کۆتاییشدا کاروان کەریم، بە ناوی خۆی و سەرجەم شۆفێرانی مەرزەکەوە، داواکارییەکەی ئاڕاستەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد و بە جام کوردی راگەیاند: "داواکارین هەرچی زووە بڕیاری کردنەوەی مەرزی پشتە - شێخ سێڵە بدەن، بۆ ئەوەی ماڵ و منداڵمان موحتاجی کەس نەبن و بتوانین بە سەربەرزی بژێوی رۆژانەی خۆمان دابین بکەین".