لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ جام کوردی، فاتیح خانی، یەکێک لە شۆفێرانی مەرزی پشتە - شێخ سێڵە تیشکی خستە سەر قەبارەی ئەو زیانە مادییانەی کە بەهۆی راگرتنی جووڵەی بازرگانییەوە بەرۆکی گرتوون و رایگەیاند: "ماوەی پێنج ساڵە خاوەنی بارهەڵگرم و لە مەرزی پشتە کار دەکەم، تاکە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی ژیان و ماڵ و منداڵم گواستنەوەی کاڵا بووە لەم دەروازە سنوورییەوە".
لای خۆیەوە ئومێد محەمەد، شۆفێرێکی دیکەی هەمان مەرزە ئاماژەی بەوە کرد کە داخستنی دەروازەکە وا دەکات بێکار بمێنێتەوە و نەتوانێت تەنانەت ئەو بڕە پارەیەش بداتەوە کە بۆ کڕینی بارهەڵگرەکەی قەرزی کردووە،
وتیشی: " لە ئێستاوە بەهۆی نەبوونی کارەوە ناتوانم وەڵامی خاوەن قەرزەکانم بدەمەوە، چونکە هیچ داهاتێکم نەماوە".
هاوکات سەلام ئەحمەد، وەک یەکێکی تر لە شۆفێرانی ئەو سنوورە، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم کێشەیە تەنها پەیوەندی بە کەسێک و دووانەوە نییە و رایگەیاند: "بژێوی ژیانی نزیکەی ٧٠٠ خاوەن بارهەڵگر و خێزانەکانیان راستەوخۆ بەم دەروازەیەوە بەستراوەتەوە، داخستنیشی بە مانای بێکاربوون و خراپبوونی باری گوزەرانی سەدان خێزانی ناوچەکە دێت".
لە کۆتاییشدا کاروان کەریم، بە ناوی خۆی و سەرجەم شۆفێرانی مەرزەکەوە، داواکارییەکەی ئاڕاستەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کرد و بە جام کوردی راگەیاند: "داواکارین هەرچی زووە بڕیاری کردنەوەی مەرزی پشتە - شێخ سێڵە بدەن، بۆ ئەوەی ماڵ و منداڵمان موحتاجی کەس نەبن و بتوانین بە سەربەرزی بژێوی رۆژانەی خۆمان دابین بکەین".