بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزووتنەوەی حەماس ڕۆژی پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنیە جەختی لەوە کردووەتەوە کە " سیاسەتی تیرۆرکردنی سەرکردەکانی حەماس لە لایەن ڕژێمی داگیرکەر تەنیا پابەندبوونمان بە ماف و داخوازییەکانی گەلی فەڵەستین زیاتر دەکات ".

حەماس ڕایگەیاندووە کە " تیرۆرکردنی هەنیە ڕووداوێکی تێپەڕ نەبوو، بەڵکوو وەرچەرخانێک بوو کە سەلماندی سەرکردەکانی خۆڕاگری لە دڵی شەڕەکەدان ".

لە بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە " ساڵێک بە سەر شەهیدبوونی ئیسماعیل هەنیە (ئەبو ئەلعەبد)، ڕێبەری گەورەی نیشتمانی، شەهیدی غەززە، فەڵەستین و نەتەوەی ئیسلامی، کە لە 31 ی تەمموزی 2024 (10 ی گەلاوێژی 1403 ی کۆچی هەتاوی) لە تاران لە لایەن ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستی لە تاوانێکی خیانەتکارانە و ترسنۆکانە تێدەپەڕێت و ئەوەی سەلماند کە سیاسەتی تیرۆرکردنی سەرکردە و سیمبولەکانی ئەم بزوتنەوەیە تەنیا پابەندبوونیان بە ماف و داخوازییەکانی گەل و پرەنسیپە نەتەوەییەکانی زیاتر دەکات و خەبات و خۆڕاگری بەهێزتر دەکات تا لە ناوچوونی داگیرکەران و دەرکردنیان لە خاک و شوێنە پیرۆزەکان ".

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە " تۆماری ئەم سەرکردە شەهیدە لە سەرەتای دامەزراندنی حەماس و یەکەم ڕاپەڕینی فەڵەستینی لە ساڵی 1987 ەوە پڕە لە چالاکی و هەوڵی ماندوونەناسانە لە بوارەکانی ڕێکخستن، خوێندکاری، جەماوەری، سیاسی و خۆڕاگری بۆ خزمەتکردنی گەلی فەڵەستین و پرسی نەتەوەیی و داواکارییەکانی بۆ ئازادی و گەڕانەوە. ئەم ڕێگایە لە گۆڕەپانی سیاسی، کردەوەی نەتەوەیی هاوبەش، گۆڕەپانەکانی خۆڕاگری و خەبات و ڕووبەڕووبوونەوە بەردەوام بوو لە دژی داگیرکەران و دەربەدەری و گەمارۆدان و شەڕەنگێزی تا ئەو کاتەی لە دووری زێدی خۆیەوە شەهید بوو ".

حەماس هەروەها لە بەیاننامەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە " شەهیدبوونی هەنیە ڕووداوێکی تێپەڕ نەبووە، بەڵکوو خاڵی وەرچەرخانێک بوو کە سەلماندی سەرکردەکانی بەرخۆدان بڕیاریانداوە لە دڵی شەڕەکەدا بن و منداڵەکانیان تەرخان بکەن بۆ دۆزی خۆڕاگری. وەک کۆمەڵێک لە منداڵ و نەوەکانی هەنیەش شەهید بوون، لە کۆتاییدا ئێمە قووڵترین خەم و خۆشەویستی و شانازی و دڵسۆزی خۆمانیان بۆ دەردەبڕین ".

ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی پێشووی مەکتەبی سیاسی حەماس، سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە 31 ی تەمموزی 2024 (10 ی گەلاوێژی 1403 ی کۆچی هەتاوی)، کاتێک هاتە تاران بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی دکتۆر مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران، لە شوێنی مانەوەی خۆی لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کرایە ئامانج و شەهید بوو./.