بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بۆنەی یەکەمین ساڵڕۆژی تێرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووتری مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە لایەن ڕژیمی زایۆنیستییەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: ساڵێک بە سەر شەهیدبوونی تێکۆشەڕی گەورە، شەهید ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی پێشووتری مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی خۆڕاگری ئیسلامی فەڵەستین (حەماس) و یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی جیهاد و خۆڕاگری لە دژی داگیرکەرانی زایۆنیست تێدەپەڕێت.
تاوانێکی گەورە و پێشێلکارییەکی گەورەی یاسا نێودەوڵەتییەکان
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران یادی شەهیدی گەورە و شەهیدی هاوڕێی حاجی قاسم سولەیمانی دەکاتەوە و پیرۆزبایی و سەرخۆشی لە ڕێبەری مەزن و گەورەی گەلی فەڵەستین، بنەماڵەی شەهید هەنیە، بزوتنەوەی حەماس و هەموو گرووپەکانی دیکەی خۆڕاگری لە فەڵەستین دەکات.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە کە تیرۆرکردنی شەهید ئیسماعیل هەنیە لە تاران، لە کاتێکدا میوانی فەرمی ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆک کۆمار مەسعود پزیشکیان بوو، تاوانێکی گەورە و پێشێلکردنی گەورەی بنەما و نۆرمەکانی یاسا نێودەوڵەتییەکان، سەروەری نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو.
شەرعییەتی خەباتی گەلی فەڵەستین
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەختکردنەوە لە سەر ڕەوایەتی خەباتی گەلی فەڵەستین بۆ گەیشتن بە مافی چارەی خۆنووسین لە دژی داگیرکاری و ڕەگەزپەرستی، کوشتنی نوخبە و سەرکردەکانی گەلی فەڵەستین بە بەشێک لە پیلانە چەوتەکەی ڕژێمی داگیرکەر بۆ لەناوبردنی خەباتی ئەو گەلە دەزانێت و جەخت لە سەر پێویستی کۆتاییهێنان بە بێ سزایی تاوانباران و هەوڵدان بۆ سزادانیان دەکاتەوە.
ئاشکراکردنی سرووشتی تیرۆریستی و تاوانکاریی ڕژێمی زایۆنیستی
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە بە تێپەڕبوونی ساڵێک بە سەر تاوانی تیرۆرکردنی ئیسماعیل هەنیە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستی، ئەمڕۆ زیاتر لە جاران، سرووشتی تیرۆریستی و تاوانکاریی ئەم ڕژێمە بۆ هەموو لایەک ڕوون بووەتەوە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: بەردەوامی پشتیوانی هەمەلایەنەی ئەمریکا و هەندێک وڵاتی دیکەی ڕۆژئاوا بۆ ئەم ڕژێمە، ئەوانی کردووەتە هاوبەش و هاودەست لە ئەنجامدانی تاوان و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەرپرسیارێتی کۆمەڵکوژی و تاوانە جەنگییەکانی ڕژێمی زایۆنیستییان لە ئەستۆیە.
لە کۆتاییدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە جەختکردنەوە لە سەر ئیرادەی خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستدرێژییەکانی ڕژیمی زایۆنیستی، ئاماژە بە بەرپرسیارێتی هەموو حکومەتەکان دەکات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و ڕاگرتنی جینۆساید. هەروەها داوای کردەوەی کاریگەر دەکات بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ستەملێکراوی غەززە و ڕێگریکردن لە درێژەی کوشتاری بەکۆمەڵی گەلی فەلەستین "./.