بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەکی باڵای حکومەتی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ڕۆژنامەی ئەلئەخبار ئاشکرایکردووە، حکومەتی ئەمریکا ڕاستەوخۆ بەغدای ئاگادارکردووەتەوە کە ئەگەر هێرشەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەتایبەت دژی بەرژەوەندییە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە نەوتییەکان لە کەرکوک و نەینەوا بەردەوام بن، ئەوا سزای توند بەسەر ئەو کەس و دامەزراوە داراییانەدا دەسەپێنێت کە پێدەچێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پاڵپشتی هەندێک گرووپی چەکدار بکەن.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا حکومەتی بەغدای بە بەرپرسیار زانیوە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئەو هێرشانە و هۆشداریشیداوە، ئەگەر حکومەت نەتوانێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکات، " بژاردەی کراوە " لە سەر مێزەکە دەبێت، لەوانەش ڕێوشوێنی دارایی توند و تەنانەت لێدانی وردیش بۆ سەر کۆگاکانی چەک کە واشنتن بە " نایاسایی " دەزانێت.

لەبەرامبەردا، سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکێک لە گرووپە خۆڕاگرییەکانی عێراق، لە قسەکانیدا بۆ ئەلئەخبار، هەڕەشەکانی ئەمریکای بە بێ بایەخ ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە " گوشار و سزاکان ڕێگریمان لێناکەن لە ئامانجی سەرەکیمان، کە دەرکردنی تەواوی هێزە داگیرکەرەکانە لە عێراق لە ماوەی دوو مانگدا ".

ئاماژەی بەوەشکرد: چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ڕێوشوێنەکان لە ئەمریکا دەکەین، جا چ لە شێوەی سزاکان بێت یان لە ڕێگەی ئامرازە ئەمنییەکانەوە؛ بەڵام ئێمە ئامادەین و ڕێگە نادەین سیناریۆی باڵادەستی ئەمریکا دووبارە ببێتەوە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، فازل موسەوی، لێکۆڵەری ئەمنی و سیاسی لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئەلئەخبار ڕایگەیاند، ئەمریکا ئێستا گروپەکانی خۆڕاگری بەتایبەت لە ناوچە دەوڵەمەندەکانی نەوت بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی لە عێراق دەزانێت. بە وتەی ناوبراو، ئەگەری سزادانی ئەمجارە ڕەنگە کەسانی کاریگەر لە کەرتی دارایی یان کۆمپانیاکانی پەیوەست بە گرێبەستە لۆجستیکیەکانیش بگرێتەوە کە پێدەچێت هاوکاری هەندێک گرووپی خۆڕاگری بکەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، لەبری ململانێی سەربازی ڕاستەوخۆ، واشنتن پشتی بە گوشاری دارایی بەستووە و ئەمەش وایکردووە هەڕەشەکانی ئێستا لەچاو ڕابردوو جددیتر بن.

سەرەڕای ئەم هەڕەشانە، بەرپرسێکی حکومەتی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت ناتوانێت ئەو وادەی دوو مانگە جێبەجێ بکات کە گرووپەکانی خۆڕاگری بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان دیارییان کردووە.

وتیشی: کشانەوەیەکی تەواو لەم ماوە کورتەدا نە لە ڕووی سیاسی و نە لە ڕووی لۆجستییەوە ڕاستییە، بەتایبەت لە گەڵ زیادبوونی تەحەددیاتی ئەمنی ناوچەیی و مەترسی گەڕانەوەی داعش درووست نییە.

بە وتەی ئەو بەرپرسە، عێراق هێشتا پێویستی بە هێزەکانی هاوپەیمانان هەیە لە بوارەکانی مەشق و هەواڵگریدا و کشانەوەی بەپەلەیان لەوانەیە ببێتە هۆی ناسەقامگیری لە بەرە جیاجیاکان لە ناوخۆ و سنورەکانی ئەم وڵاتە.

هەروەها جەواد ئەلیاسری پەرلەمانتاری عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ ئەلئەخبار ڕایگەیاند، ناتوانرێت هەڕەشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا لە گوشارە سیاسییەکان جیابکرێنەوە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی حکومەت لە پەیوەندی لە گەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا.

وتیشی: پەرلەمان لە گەڵ پرسی کشانەوەی هێزە بیانییەکان هاوڕایە، بەڵام داوای دیاریکردنی خشتەی کاتی دیاریکراو دەکات کە پارێزگاری لە سەقامگیری وڵات بکات و ڕێگری بکات لە بۆشایی ئەمنی کە بتوانرێت لە لایەن گرووپە تیرۆریستییەکان یان پرۆژە بیانییەکانەوە بقۆزرێتەوە.

ئەلیاسری وتی: ئێمە دژایەتی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی دەکەین، جا لە ڕێگەی سزاکانەوە بێت یان هەر ڕێگەیەکی دیکە، داواش لە حکومەت دەکەین سەربەخۆیی و سەروەری نیشتمانی بپارێزێت./.