بەقائی لە لێدوانێکدا بۆ مدیاکانی ئێران شەوی هەینی بڵاویکردەوە دەڵێت" کردنەوە و داخستنی گەرووی هورمز لە فەزای مەجازیدا (ئینتەرنێت) ڕوونادات، بەڵکو ئێران بڕیاردەری ڕاستەقینەیە لەم بابەتە گرنگەدا". ئاماژەی بەوەش کرد "دوای ئاگربەستەکە، ئێران ڕایگەیاندووە کە هیچ ڕێگرییەک نییە لەبەردەم هاتووچۆی ئەو کەشتیانەی سەربازی نین لە ڕێگەی گەرووەکەوە، بەو مەرجەی لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕەزامەند بن."
هەروەها هۆشداری دەدات "ئەوەی پێی دەوترێت گەمارۆی دەریایی، بێگومان بە وەڵامێکی گونجاوی ئێران ڕووبەڕوو دەبێتەوە."
بەقائی جەختی کردەوە "گەمارۆی دەریایی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست دادەنرێت و ئێران ڕێکاری پێویست بەرامبەر بەوە دەگرێتە بەر."
سەبارەت بە ڕەوتی دانوستانەکان، وتی: "لەو ساتەی هەست بکەین بەرژەوەندی و پرسەکانی کۆماری ئیسلامی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا پارێزراون و دابینکراون، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین لە مەودایەکی کورتداین بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."
وتەبێژەکە لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە کە "هەڵگرتنی سزاکان بۆ ئێمە گرنگییەکی زۆری هەیە، هەروەها قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی پێمان گەیشتووە گرنگییەکی تایبەتی هەیە. هیچ ناڕوونییەک لە هیچ بەشێکی دانوستانەکاندا نییە و هەڵوێستەکانی خۆمان بە زۆر بە ڕوونی دەربڕیوە."