جام کوردی - لە سەرووبەندی چاوپێکەوتنی ئەمڕۆی (دووشەممە) سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە «زۆر نزیک»ـین لە ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ غەززە.

کۆشکی سپی لە سەرووبەندی چاوپێکەوتنی «دۆناڵد ترامپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەگەڵ «بنیامین نتانیاهۆ» سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنی ڕایگەیاند کە ڕێککەوتنی ئاشتی بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕ لە غەززە «زۆر نزیکە».

بەگوێرەی هەواڵنێری ڕۆیتەرز: کۆشکی سپی جەختی کردووە لەوەی کە ترامپ بەنیازی وتووێژ کردنە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەر. قەتەر یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ئەمریکا و ناوبژیوانی سەرەکی نێوان ڕژێمی زایۆنی و بزووتنەوەی حەماس، ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە پرۆسەی بەدیهێنانی ئەم ڕێککەوتنە دەگێڕێت.

هەروەها کۆشکی سپی هیوای دەربڕیوە کە «هەردوولا بەم ڕێککەوتنە ڕازی بن» تاکوو پرۆسەی کۆتایی ھاتنی شەڕ و قەیرانی مرۆیی هەرچی زووە بەئەنجام بگەیێت.

پێشتر هەواڵنێری «ئاکسیۆس» بە ئاماژە کردن بەوەی کە حکوومەتی ئەمریکا ئیدی لە هەنگاو و سیاسەتەکانی سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکەر ماندوو بووە، ڕایگەیاند کە ترامپ بەنیازە گوشار بخاتە سەر نتانیاهۆ تاکوو پلانی واشنتۆن بەمەبەستی کۆتایی هێنان به شەڕی غەززە قبووڵ بکات.

لە ڕاپۆرتەکەی ئاکسیۆس هاتووە: «لەوانەیە ترامپ دوو بژاردە بخاتە بەردەم نتانیاهۆ: یان پلانەکەی من بۆ کۆتایی ھێنان بە شەڕی غەززە قبووڵ بکە، یان مەترسی دووبەرەکی ئاشکرا لەگەڵ ئەمریکا و دوورەپەرێزی نێودەوڵەتی زیاتر بەگیان ودڵ قبووڵ بکە.»