جام کوردی- وەزیری بەرگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کاردانەوەی گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی ئەمریکا لە ناوچەکە و پێشبینی میدیایی لەمەڕ ئەگەری ڕوودانی شەڕ، ڕایگەیاند: بەردەوام دەڵێن هێرش دەکرێت تاکوو کۆمەڵگا تووشی کێشە و گرفت ببێتەوە، هەڵاوسان زیاد بێت و سەقامگیری ئابووری لەناو بچێت. بەڵام خەڵک ئاگاداری ئەم شەڕی دەروونیە بن؛ ئەگەر شەڕ بسەپێنن بەسەر ئێمەدا، ئەرکی ئێمەی کەسانی سەربازییە کە بەرگری بکەین و بەم مەبەستەش لە ئامادەگی تەواو داین.

عەزیز نەسیرزادە لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ناوچەکە و تێڕوانینی ئەو لەم بارەیەوە، ڕایگەیاند  : ئەو کارانەی کە لە گواستنەوەکاندا ئەنجامی دەدەن، کەشتی فڕۆکەهەڵگر دەبەن و دەیهێنن، یەکەم جار نیە. لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا، بەردەوام شتی لەم شێوەیەمان بینیووە. ڕوونە کە وەکوو بەشی سەربازی دەبێت ئامادەی بەرگری لە وڵات بین. ئەمە پەیوەندی بە ڕاگواستنی سەربازییەوە نیە.

وەزیری بەرگریی ئێران بە جەخت کردنەوە لەوەی کە ئێستا بەتەواوەتی ئامادەن، وتی: وەکوو بەشی سەربازی دەبێت ئامادە بین. بەڵام بەشەکانی دیکەی وڵات نابێت بکەونە ژێر کاریگەری چالاکی دەروونی ئەم ڕاگواستنە سەربازییانە. ئێمە دەبێت درێژە بە ژیانی خۆمان بدەین و کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی لە گەشە کردندا بێت. شەڕی ئێستا زیرەکانەیە و تێکەڵاوێکە لە شەڕی سەخت و نەرمی. ئەمڕۆ بەشی نەرمی ئەم شەڕە زەقتر بووەتەوە کە شەڕێکی دەروونییە.

نەسیرزادە وتیشی: ئەوەی کە بەردەوام دەڵێن هێرش دەکرێت، هێرش دەکرێت دەیانەوێت کۆمەڵگا تووشی کێشە و گرفت ببێتەوە، هەڵاوسان زیاد بێت و سەقامگیری ئابووری لەناو بچێت. ئەمە بەشێکی ئەو شەڕەیە. بەڵام خەڵک ئاگاداری ئەم شەڕی دەروونیە بن؛ ئەگەر شەڕ بسەپێنن بەسەر ئێمەدا، ئەرکی ئێمە کەسانی سەربازییە کە بەرگری بکەین و بەم مەبەستەش لە ئامادەگی تەواو داین. هەر بەو شێوەیەی کە لە شەڕی ١٢ ڕۆژە دووژمنمان ناچار بە قبووڵ کردنی ئاگربەست کرد؛ بەو شێوەیە نەبوو کە دڵیان بۆ حاڵی ئێمە بسووتێت، ئێمە ناچارمان کردن!