رۆژی یەکشەممە 6ی نیسانی 2026، ئاری لەتیف، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە قەزای سەیدسادق سکاڵای تۆمار کرد، کە 19 سەر ئاژەڵی لێ دزراوە، مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سەیدسادق لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد و توانییان لە کەمتر لە چەند کاژێرێکدا تۆمەتبارەکە بدۆزنەوە و دەستگیری بکەن."
تۆمەتبارەکە ناوی (ر. ر. ق)ە و لەدایکبووی ساڵی 1997ـە. بە گوتەی پۆلیسی سلێمانی، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و ئاشکرای کردووە کە ئاژەڵەکانی بە ئۆتۆمبێلێک گواستووەتەوە بۆ قەزای شارەزوور و لەوێ فرۆشتوونی.
گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیس توانیویەتی دەست بگرێت بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەی بۆ دزییەکە بەکارهاتبوو، هەروەها بەشێک لە ئاژەڵە دزراوەکانیش گەڕێندراونەتەوە.
ئێستا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی (444) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.