ئەحمەد دنیامالی، وەزیری وەرزشی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ میدیا ناوخۆییەکان جەختی کردەوە کە تاران بەردەوام دەبێت لە ئامادەکردنی یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ بەشداریکردن لە گەورەترین پاڵەوانێتیی جیهانیدا. ئەمەش لە کاتێکدایە مۆندیالی ئەمساڵ بە هاوبەشی لە نێوان (ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک) بەڕێوە دەچێت و بڕیارە یارییەکانی هەڵبژاردەی ئێران لە ناو خاکی ئەمریکادا ئەنجام بدرێن.

پێشتر ئێران داوایەکی پێشکەشی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا) کردبوو بۆ گواستنەوەی سەرجەم یارییەکانی بۆ مەکسیک، بەڵام فیفا ڕاستەوخۆ داواکەی ڕەت کردەوە. دواتریش ئێران هەڕەشەی ئەوەی دەکرد کە بەشداری لە مۆندیالدا ناکات و لە پاڵەوانێتییەکە دەکشێتەوە؛ بەڵام سەرەڕای ئاڵۆزییە سیاسییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، واشنتن ڕایگەیاندووە کە پێشوازی لە هەڵبژاردەی ئێران دەکەن.

 بڕیارە لە ڕۆژی 11-06-2026 مۆندیال دەست پێ بکات؛ ئێرانیش لە کۆمەڵەی شەشەمدایە و ڕووبەڕووی هەڵبژاردەکانی (بەلجیکا، میسر و نیوزلەندا) دەبێتەوە.