جام کوردی- کەناڵی سی ئێن ئێن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە لە زاری "بەرپرسێکی باڵای ئێران"ەوە، ئیدیعاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراو و ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆمی ڕەتکردەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە پشت بەستن بە سی ئێن ئێن، ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ئاشنایە بە وردەکاریی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە نێوەندگیری پاکستان.
ناوبراو ئیدیعای ترەمپی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئێران بۆ گواستنەوەی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات ڕەتکردەوە و بە "ناکرداری" ناوی برد.
ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئیدیعای ترەمپی سەبارەت بە ڕێککەوتنی ئێران بۆ ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەیەکی نادیار ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، ئێران "هەرگیز ڕێگە نادات" لە "یاسا نێودەوڵەتییەکان" بەخشراو بێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی پیتاندنی یۆرانیۆم یەکێکە لەو جیاوازییە گرنگانەی کە لە نێوان هەردوولادا ماوەتەوە.
ناوبراو هۆشداریدا لەوەی کە ئیدعا و شانازیکردنی گشتی ترەمپ دەتوانێت دانوستانە بەردەوامەکان لە ڕێڕەو دەربهێنێت و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێران پابەندە بە پرۆسەیەکی دیپلۆماسی ئاڕاستەکراوی ئەنجامەکانەوە. لەوانەیە ئەمریکا "دیپلۆماسی بەکاربهێنێت بۆ تێکدانی دیپلۆماسی و پیلانی هێرشێکی نوێ، کە ئێران ئامادەیە بە توندی وەڵامی بداتەوە."
ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران شەوی هەینی ڕایگەیاند، بژاردەی جۆراوجۆر هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە بەشێکن لە فایلە ئەتۆمییەکەمان، ئاماژەی بەوەشکرد، “گواستنەوەی ماددە پیتێنراوەکانی ئێران بۆ ئەمریکا هەرگیز بژاردە نەبووە”.