جام کوردی - ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، تاران بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکات یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ دەرەوەی وڵات بگوازرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتەکەی "بە تووندی رەتی دەکاتەوە" دەستبەرداری پیتاندنی یۆرانیۆم بێت یان بەرنامە ئەتۆمییە "ئاشتییانیەکەی" رابگرێ، چونکە تاران ئەم پرسە وەک "هێڵێکی سووری ستراتیژی" دەبینێت.
رەزایی باسی لەوە کرد کە هیچ بەڵێن و پابەندییەک لەلایەن ئێرانەوە نەدراوە بۆ ئەوەی یۆرانیۆمەکەی رادەستی ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە بکات.
ئەم کاردانەوە تووندەی تاران دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار بانگەشەی ئەوەی کردووە کە لە رێککەوتنە نوێیەکەدا ئێران یۆرانیۆمەکەی رادەست دەکات. ترەمپ رۆژی هەینی لە پۆستێکدا نووسی: "ئەمریکا تەواوی تۆزی ئەتۆمی وەردەگرێ."
هەر هەمان رۆژ، ترەمپ رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەر رێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ ئێران، واشنتن و تاران بەیەکەوە و بە بەکارهێنانی حەفارەی گەورە، یۆرانیۆم لە پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران دەردەهێنن و بۆ ئەمریکای دەگوازنەوە.