​د. یاسین تەها ئاماژەی بەوە کرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران خاوەن دوو ڕەهەندی جیاوازە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانەکاندا. ناوبراو ڕایگەیاند:

​"هەرچەندە دروشمەکانی ئێران هەمیشە ڕەهەندێکی شۆڕشگێڕانە و توندیان هەبووە، بەڵام مێژووی کردەیی ئەم دەوڵەتە دەریخستووە کە لە کاتی تەنگانە و قەیرانی ڕاستەقینەدا، زۆر شارەزایانە 'هونەری پاشەکشەکردن' و ئەنجامدانی هەنگاوی تاکتیکی بەکاردەهێنن."

​ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەستنیشانی کرد کە بەربەستی سەرەکی لەم قۆناغەدا کەسایەتی دۆناڵد ترەمپە. بە بڕوای ئەو، ترەمپ جیاواز لە سەرۆکەکانی پێشوو، چێژ لە تێکشکاندنی پەردەکان و ئاشکراکردنی نهێنییەکان دەبینێت و لە یارییە سیاسییەکاندا حساب بۆ شکۆی هیچ لایەنێک ناکات، چ یار بێت یان نەیار.

​لە بەشێکی تری لێدوانەکەیدا بۆ "جام کوردی"، د. یاسین تەها تیشکی خستە سەر هەوڵە دیپلۆماسییەکانی پاکستان و وتی:

​بەپێی زانیارییەکانی "ڕۆیتەرز" و "واشنتۆن پۆست"، بەرپرسانی پاکستان چەند ڕۆژێکە وەک نێوەندگیر لەسەر هێڵن.

​هاوکات پاکستان تکای لە ترەمپ کردووە کە لەم ماوەیەدا "زمانە تیژەکەی" بەرامبەر تاران بەکارنەهێنێت.

​دکتۆر یاسین دەڵێت: ئامانجی ئەم داواکارییەی ئیسلام ئاباد، ڕەخساندنی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی دانوستانەکان ئەنجامێکی کۆنکرێتییان لێ شین ببێت.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئەو توێژەرە لە زانکۆی سلێمانی جەختی کردەوە کە قۆناغی داهاتوو تاقیکردنەوەیەکی سەخت دەبێت بۆ هەردوولا، تا بزانرێت ئایا دیپلۆماسییەتی بێدەنگ دەتوانێت گرێکوێرەی نێوان واشنتۆن و تاران بکاتەوە یان نا.