جام کوردی ـ سعودییە پاڵپشتییەکانی بۆ سوپای سوودان ڕادەگرێت، ئیمارات تووشی کورتهێنانی دارایی بووە و داوای یارمەتی لە ئەمریکا دەکات .. لە کاتێکدا جیهان چاوەڕێی ئەنجامی دانوستانەکانە لەگەڵ ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا هەوڵدەدەن، گەمارۆی میسر و سعودییە بدەن لە قۆچی ئەفریقا و لە دەروازەی دەریای سوور
چەند شتێک لە کاتژمێرەکانی ڕابردوودا ڕوویانداوە، کە زۆرگرنگە بیزانیت، بۆ ئەوەی تێبگەیت بارودۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو کوێ دەچێت و شوێنی ململانێی هەرێمیی داهاتوو لەکوێ دەبێت .. با بە خێرایی بەسەریاندا بچینەوە
🔶 1️⃣ چیرۆکەکە دوێنێ دەستی پێکرد، کاتێک ئاژانسی ڕۆیتەرز سوپرایزێکی چاوەڕواننەکراوی ڕاگەیاند ..
پاکستان بە شێوەیەکی ڕەسمی گرێبەستێکی چەکی بۆ سوپای سوودان ڕاگرت، کە بڕیار وابوو شێوازی شەڕەکە بگۆڕێت و توانای ئەوە بداتە سوپا، کە حەمیدتی و میلیشیاکانی "هێزی پشتیوانی خێرا" بە تەواوی تێکبشکێنێت.
ئەم گرێبەستە لە کانوونی دووەمی ڕابردوو ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو، نرخەکەی نزیکەی (١.٥) ملیار دۆلار بوو، وەک هاوکاری سەربازی، بڕیار بوو فڕۆکەی جەنگی چینی لە جۆری (JF-17)، فڕۆکەی مەشقی و هێرشبەری سووکی (K-8)، زیاتر لە (٢٠٠) درۆنی خۆکوژ و جەنگی، جگە لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی چینی (HQ-6) و ڕادار و مووشەک بۆ سوپای سوودان دابینبکات.
بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، هەموو ئەمانە ڕاگیران..
🔹هۆکارەکەی چییە؟
هۆکارەکەی ئەوەیە، کە پارەدارکەری (سپۆنسەری) ئەم گرێبەستە، کە "سعودییە"یە، لەپڕ بڕیاریدا "حەنەفییەکە" دابخات و داوای لە ئیسلامئاباد کرد ڕێککەوتنەکە بە تەواوی هەڵبوەشێنێتەوە.!
پاشەکشەی سعودییە لە پارەدارکردنی ئەم گرێبەستە بۆچیی؟
بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، ئەم پاشەکشەیە دوای ئەوەهات، کە شانشینی سعودییە "ئامۆژگاریی" لە لایەنەڕۆژئاواییەکانەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی لە شەڕی وەکالەت لە ناوچەکەدا دوور بکەوێتەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە جۆرێک لە هێورکردنەوەی ناوچەیی.!
بەڵام ئەگەر بە وردی سەیری بابەتەکە بکەیت، دەبینیت چیرۆکەکە زۆر لەوە قووڵترە و چەند ئەگەرێک لە پشت ئەم کارەوە هەن:
ئەگەری یەکەم: ئەمە کاردانەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بەرامبەر هەڵوێستی میسر، کە ڕەتیکردەوە ڕابکێشرێتە ناو ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران لە ململانێکانی دواییدا و پێی باشبوو ڕۆڵەکەی دیپلۆماسی و هەواڵگری بێت و بە کردەییش سەرکەوتوو بوو لە لێکنزیکردنەوەی تێڕوانینەکانی واشنتۆن و تاران لە کاتی دانوستانەکانی پاکستاندا.
بۆیە، ڕەنگە کەنداو ئێستا کارتی دارایی بۆ فشار خستنەسەر قاهیرە بەکاربهێنێت، تاوەکو بارودۆخی میسر لە سوودان و لیبیا قورسبکات. (گرێبەستێکی تری چەکی پاکستانی بە بڕی ٤ ملیار دۆلار، کە بڕیار بوو بۆ سوپای نیشتمانیی لیبیا بێت، ئەویش بە هەمان هۆکار لە مەترسیی هەڵوەشاندنەوەدایە).
🔵 2️⃣ با هەواڵێکی تریشت پێ بڵێین تا بابەتەکان بەیەکەوە ببەستیتەوە..
ئیمارات چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە ڕەسمی داوای لە پاکستان کردووە وەدیعەیەکی دارایی بە بڕی (٢) ملیار دۆلار بۆ بگەڕێنێتەوە.. ئەمەش، وەک جۆرێک لە تۆڵەکردنەوە بەرامبەر ڕۆڵە گەورەکەی پاکستان لە هێورکردنەوە و دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، کە بە پێچەوانەی ویستی ئیمارات و ئیسرائیل بوو.
سعودییەش بۆ ڕزگارکردنی پاکستان، بڕی (٨) ملیار دۆلاری خستە ناو ئابووریی پاکستانەوە (٣ ملیاری بە کاش و ٥ ملیاری، وەک نوێکردنەوەی وەدیعەکانی پێشوو)، تاوەکو پاکستان لە فشاری ئیمارات ڕزگار بکات و ئازادیی مانۆڕکردنی پێ بدات.
⚫️ لێرەوە دەگەینە ئەگەری دووەم، کە ئێمە پێمانوایە ڕاستییەکە ئەمەیە:
بۆ ئەوەی لەمە تێبگەیت، با هەواڵێکی سوپرایزت پێ بڵێین .. بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا، ئیمارات ئێستا بەدەست قەیرانی دارایی و بەتایبەتی (قەیرانی نەختینە - السيولة) دەناڵێنێت.!
ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دوێنێ ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، کە ئیمارات ڕووبەڕووی لاوازییەکی زۆر لە نەختینە و کورتهێنانێکی دارایی مەترسیدار بووەتەوە بەهۆی ئەو زیانە گەورانەی لە دوای شەڕی ئێران بەریکەوتووە. تەنانەت ئێستا مامەڵە لەگەڵ واشنتۆن دەکات بۆ ڕێککەوتنی ئاڵوگۆڕی دراو بۆ ڕزگارکردنی ئابوورییەکەی و هەڕەشەی ئەوە دەکات ئەگەر ئەمریکییەکان هاوکاری دارایی خێرای نەکەن، پەنا دەباتەبەر فرۆشتنی نەوت بە "یوانی چینی".!
ئەمە چ پەیوەندییەکی بە بابەتی سعودییە و پاکستانەوە هەیە؟!
پەیوەندییەکەی ئەوەیە، ئەم قەیرانە وەهایکردووە توانای ئیمارات بۆ پارەدارکردنی پڕۆژەکەی حەمیدتی لە سوودان و پڕۆژەکانی دابەشکردن لە لیبیا زۆر کەمببێتەوە.
لێرەدا سعودییە کاتێک بینی ئیمارات لە قەیرانی داراییدایە، بڕیاریدا گرێبەستەکانی چەک ڕابگرێت، تاوەکو بە تێچوویەکی کەمتر کۆنترۆڵی دیمەنەکە بکات و هەمووان ناچار بکات بگەڕێنەوە سەر مێزی ئەو. لەوانەشە ئێستا دانوستان لە نێوان سعودییە و ئیمارات هەبێت بۆ ئەوەی بابەتی سوودان بێ شەڕ کۆتایی پێبهێنن، چونکە ئابوورییەکەیان چیتر بەرگەی تێچووی شەڕ ناگرێت.
🟠 3️⃣ بەبۆنەی ئەفریقاوە.. بەداخەوە تەڵەیەکی نوێ بۆ میسر و سعودییە لەناو "خاکی سۆمال" (Somaliland) بە بێدەنگی دادەنرێت..
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "Le Monde"ی فەڕەنسی، مانگەدەستکردەکان جوڵەی گوماناوی و گەورەکردنی فڕۆکەخانەی "بەرەبەرە"یان لە سۆمال ڕادێر کردووە، بۆ دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی هاوبەشی ئیسرائیلی-ئەمریکی لە باشووری دەریای سوور، ڕێک لە بەرامبەر گەرووی باب المندب.!
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمکارانە لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە بە نهێنییەکی تەواو بەردەوامن. تا ئێستا (١٨) خەندەقی شاراوە دروستکراون، کە پێدەچێت کۆگای تەقەمەنی یان تانکی سووتەمەنی بن. هەروەها سەکۆی هەڵدانی مووشەک و گەورەکردنی ڕێڕەوی فڕۆکەکان بینراون.
🔹ئەمە مانای چییە؟
مانای ئەوەیە ئیسرائیل (بەهاوکاری ئیمارات) هەوڵ دەدات گەمارۆیەکی سەربازی بخاتەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی باشوور لە قۆچی ئەفریقا، تاوەکو کۆنترۆڵی باب المندب بکات و ڕێگری لە حوسییەکان بکات لە داهاتوودا. بێگومان ئیماراتیش ئامانجی ئابووریی هەیە و دەیەوێت کۆنترۆڵی ڕێڕەوە دەریاییە بازرگانییەکان بکات.
⚫️ لە کۆتاییدا، هەموو ئەمانەی ڕوودەدەن دەڵێن، کە شەڕی ئێران کۆتایی نییە.. ئەوە تەنها هەنگاوی دەستپێك بوو بۆ ململانێیەکی زۆر فراوانتر، کە ئێستا لە قۆچی ئەفریقا خەریکە دروستدەبێت، کە پێدەچێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هەرێمیی داهاتوو.
- وەرگێڕان لە مەحمود عەلام - ڕۆژنامەنووس
لە پەیجی یادگار عەلی