جام کوردی - محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ڕایگەیاند "ئەمریکا نە لە ڕێگەی جەنگەوە گەیشتووەتە ئامانجەکانی و نە بە "چەتەگەرایی و زۆرملێ"ش پێیان دەگات.

قالیباف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئەو کاتە ئاگربەستی گشتگیر مانا و بایەخی دەبێت کە بە گەمارۆی دەریایی و بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهان پێشێل نەکرێت، هەروەها کاتێک ئاگربەست کاریگەر دەبێت کە هاندانی جەنگ لەلایەن زایۆنیستەکانەوە لە هەموو بەرەکاندا ڕابگیرێت."

سەبارەت بە پرسی گەرووی هورمز، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە کە دووبارە کردنەوەی گەرووی هورمز لە سایەی پێشێلکردنی ئاشکرای ئاگربەستدا مەحاڵە و گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.

قالیباف لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد: "ئەوان نەیانتوانی لە ڕێگەی دەستدرێژیی سەربازییەوە ئامانجەکانیان بپێکن، بە چەتەگەرایی سیاسیش بۆیان ناچێتە سەر؛ تاکە ڕێگەش تەنیا دانپێدانانە بە مافەکانی گەلی ئێراندا."