جام کوردی - خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە گەشەی ئابووری جیهانی
و بازرگانی نێودەوڵەتی ئەمساڵ بە شێوەیەکی بەرچاو خاو دەبێتەوە لە کاتێکدا کە بەهۆی
داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە دروست بووە؛ پچڕانێک کە لە سەرەتای دەستپێکردنی
شەڕی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێرانەوە، دابینکردنی نەوت و گازی سروشتی و پەیینی
کیمیایی بە شێوەیەکی جددی پەکخستووە.
ململانێی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەبێ گوێدان بە زیانی زۆری مرۆڤی لە ماوەی 100 ڕۆژی ڕابردوودا، تەحەدای گەورەی بۆ ئابووری جیهانی دروستکردووە. لە بەرامبەر هێرشە "پێشوەختە"کانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ی شوبات (٢٨ی ئازاری ١٤٠٤)، ئێران زۆربەی هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە گرتووە.
لە ئەنجامدا نزیکەی لەسەدا ٢٠ی بازرگانی نەوت و گازی سروشتی شل (LNG)ی جیهانی، لەسەدا ٣٠ی بازرگانی پێوانەی جیهانی، نزیکەی لەسەدا ٤٠ی دابینکردنی یوریا، لەسەدا ٥٠ی دابینکردنی گۆگرد و لەسەدا ٣٠ی دابینکردنی فۆسفات کاریگەرییان لەسەر بووە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بەکارهێنانی نەوتی ڕۆژانەی جیهان گەیشتووەتە 104 ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام دابینکردنی نەوت تەنیا 95.1 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا. لەگەڵ وەستانی گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمز، بەرهەمهێنەرانی نەوتی کەنداوی فارس ڕۆژانە ١٤ ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل کەمتریان لە چاو پێش جەنگ خستەبازاڕەوە.
لە ئێستادا نرخی نەوتی خاوی برێنت لە دەریای باکور بەڕێژەی لەسەدا ٣٠ بەرزترە لە چاو پێش جەنگ، هەروەها نرخی غاز لە ئەوروپا بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ بەرزترە بەهۆی ئاستەنگیی دابینکردن. بەپێی ئامارەکانی ئەنجومەنی جیهانی کەشتیوانی، تێچووی سووتەمەنی بۆ کەشتیەکانیش لەم ماوەیەدا بەڕێژەی لەسەدا ٥٩ زیادی کردووە.
پچڕانی تۆڕی کەشتیوانی جیهانی و بازدانی تێچووی سووتەمەنی فشاری زیاتری خستۆتە سەر زنجیرەکانی دابینکردن. بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان، کەمبوونەوەی توانای بەلەمی جیهانی، بازدانی تێچووی گواستنەوە بەهۆی مانەوەی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز و تێکچوونی هاوسەنگی هەناردەکردن و هاوردەکردنی زۆرێک لە وڵاتان، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی بەرزبوونەوەی خەمڵاندنی هەڵاوسان. هەروەها کەمبوونەوەی بەکاربردن بەهۆی سنووردارکردنی دابینکردن و بەرزبوونەوەی تێچووی کەرەستەی خاو بۆ کۆمپانیاکان پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری و بازرگانی جیهانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردووەتەوە.
ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری لە نوێترین ڕاپۆرتی لەسەر ئاسۆی ئابووری جیهان ڕایگەیاندووە کە شەڕی بەردەوام و ماوەی شەڕەکە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە لە هەڵسەنگاندنی گەشەی ئابووری جیهانیدا دەگێڕێت. ڕێکخراوە جیهانییەکە دوو سیناریۆی لێکۆڵینەوەی کردووە: "پەککەوتنێکی کاتی" و "پەککەوتنێکی درێژخایەن".
ڕێکخراوەکە مەزەندە دەکات ئەگەر شەڕەکە کورتخایەن بێت، ئەوا گەشەی ئابووری جیهانی لە 3.4% لە ساڵی 2025 بۆ 2.8% لە ساڵی 2026 و دواتر بۆ 3.1% لە ساڵی 2027 کەم دەبێتەوە.
هاوکات کەمبوونەوەی 0.6 خاڵی لەسەدی گەشەی ئابووری بە مانای زیانی لانیکەم 700 ملیار دۆلارە بۆ ئابووری جیهانی، کە لە ئێستادا بەهای نزیکەی 118 تریلیۆن دۆلار خەمڵێندراوە.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، ئەگەر شەڕ و پەککەوتنی بازرگانی بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت، ئەوا گەشەی ئابووری جیهانی ئەمساڵ بە ڕێژەی لەسەدا ٢.١ و لە ساڵی ٢٠٢٧دا بە ڕێژەی لەسەدا ١.٨ دابەزێت.
هاوکات دەزگای هەڵسەنگاندنی قەرزەکانی فیتچ ڕێتینگز پێشبینییەکانی گەشەی ئابووری جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بە ڕێژەی ٠.٢ خاڵ بۆ ٢.٤ لەسەد کەمکردەوە، ئەمەش بە ئاماژەدان بە قەیرانی نەوت کە بەهۆی شەڕەوە دروستبووە.
پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بازاڕەکانی نەوت ڕووبەڕووی کەمیی زیاتر ببنەوە، چونکە کۆگای نەوت بەردەوام لە دابەزیندایە و پێناچێت بەم زووانە گواستنەوەی نەوت لە گەرووی هورمزەوە ئاسایی ببێتەوە.
هاوکات ڕێکخراوی هاریکاری و گەشەپێدانی ئابووری پێشبینی دەکات گەشەی بازرگانی جیهانی لە 5% لە ساڵی 2025 بۆ 3.1% لە ساڵی 2026 و 2.9% لە ساڵی 2027 دابەزێت.
بەگشتی پێشبینی دەکرێت گەشەی بازرگانی لە چارەکی دووەم و سێیەمی ساڵی ٢٠٢٦دا خاو بێتەوە، ئەمەش بەهۆی دابەزینی بەرچاوی بازرگانی لەگەڵ ئابوورییەکانی کەنداو و بەرزبوونەوەی تێچووی وزە و گواستنەوە.
هەروەها ڕێکخراوی بازرگانی جیهانی پێشبینی دەکات گەشەی بازرگانی جیهانی لەمساڵدا دابەزێت بۆ 1.9% دوای بازدانێکی 4.6% لە ساڵی 2025، پێش ئەوەی لە ساڵی 2027دا بۆ 2.6% دابەزێت.
UNCTAD دەڵێت: "لەکاتێکدا ئاستەنگە ئابوورییەکان چڕتر دەبنەوە، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتووی جیهان کە پشت بە هاوردەکردنی نەوت دەبەستن، 65 لەو 75 وڵاتەی کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بۆ ئەم پێشهاتانە، 65 وڵاتی هاوردەکاری پاکی نەوتن، کە ژمارەی دانیشتووانی کۆی گشتی نزیکەی یەک ملیار دۆلارە، زیاتر لە 30%ی دانیشتووانیان بە کەمتر لە 3 دۆلار لە ڕۆژێکدا دەژین".
بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی هاوردەکردنی ئێستا، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت دەتوانێت ساڵانە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار زیاد بکات بۆ پارەی هاوردەکردن بۆ ئەو ئابوورییانە، کە زۆر پشت بە سووتەمەنی دەبەستن.