ئیرەوانی جەختی کردەوە کە وڵاتانی (قەتەر، کوەیت، بەحرەین، ئیمارات و سعودیە) بە ڕێگەدان بە هێزە ئەمریکییەکان بۆ بەکارهێنانی خاک و ئاسمانیان، هاوکارییەکی ڕاستەوخۆیان لە دەستدرێژییەکانی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی کردووە.
لەو پەیوەندیدا، نێردەی ئێران داوای لەو وڵاتانە کردووە پابەندبن بە بنەماکانی دراوسێیەتی و یاسای نێودەوڵەتی، و ڕێگری بکەن لە بەکارهێنانی خاکیان بۆ هەر جۆرە چاڵاکییەکی سەربازی دژی ئێران.
هەروەها، ئیرەوانی بە ناوی تاران داوای لەو وڵاتانە و هەروەها ئوردن کردووە قەرەبوی ئەو زیانانە بکەنەوە کە بەهۆی ئەو هێرشانەوە بەر ئێران کەوتوون، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بەشدارییان تێدا بووە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی هەر جۆرە بەکارهێنانی هێز دژی ئێران کردەوە، و ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ نێوەندگیری و کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا ڕاگەیاند.
هاوکات، لە واشنتن، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ڕایانگەیاندووە کە هێشتا هیچ هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ تێچووی نۆژەنکردنەوەی بنکە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، ئەوانەی کە لە هەڵکشانی ئاڵۆزییەکاندا زیانیان بەرکەوتووە