بەپێی داتاکانی کۆمپانیای «فۆرتێکسا» بۆ شیکردنەوەی زانیارییەکان، تەنها لەماوەی ئەم هەفتەیەدا لانی کەم 34 کەشتی نەوتی پەیوەندیدار بە ئێران توانیویانە بە سەرکەوتوویی لە گەروی هورمز بپەڕنەوە و نزیکەی نۆ ملیۆن بەرمیل نەوت بگەیەننە بازاڕە جیهانییەکان.

هەروەها، بەپێی وێنە مانگە دەستکردەکان، دوو لە گەورەترین تانکەرەکانی ئێران بە ناوەکانی (هیرۆ 2 و هیدی) کە توانای هەڵگرتنی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە، بە سەرکەوتوویی هێڵی گەمارۆی ئەمریکایان بەزاندوە و چونەتە ناو دەریای عەرەب. ئەم کەشتیانە بۆ ماوەیەکی درێژ ئامێرەکانی ناسینەوە و شوێنپێهەڵگرتنیان (AIS) کوژاندوەتەوە، کە ئەمە بە شێوەیەکی پیشەیی و تاکتیکی بۆ پاراستنی سەرچاوەکانی نەوت و شکاندنی گەمارۆ ئەنجامدراوە.

لە نموونەیەکی دیکەدا، تانکەری «دۆرینا» کە لەژێر سزاکاندایە، دوای ئەوەی لە کەناراوەکانی مالیزیا پرۆسەی گواستنەوەی نەوت (STS) لەگەڵ کەشتییەکی دیکەی سزادراودا ئەنجامدا، توانیویەتی بە سەرکەوتوویی و بەبێ شوێنپێهەڵگر لە گەمارۆکە دەرباز بێت.

ئەم گەشەیە لە هەناردەی نەوتی ئێران لە کاتێکدایە کە ئەمریکا هەوڵدەدات بە فشاری زۆر هەناردەکان وەستاند، بەڵام تائێستا تەنها 28 کەشتی ناچارکراون بگەڕێنەوە، کە ئەمە بەراورد بە ژمارەی گەورەی کەشتییە سەرکەوتووەکاندا، نیشانەی سنورداریی کاریگەریی گەمارۆکەیە.

لە هەمان کاتدا، هێزە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پاراستنی ئاسایش و هاتوچۆی دەریایی، بەردەوام چاودێریی ناوچەکە دەکەن. بەپێی هەندێک ڕاپۆرت، ڕووداوگەلێک لەگەڵ کەشتییە بیانییەکان ڕوویانداوە، کە هۆکارەکەیان تێکچوونی یاساکانی دەریایی و نزیکبوونەوەی نایاسایی بووە.

بە پێچەوانەی بانگەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە گەمارۆکە بە “سەرکەوتنێکی گەورە” دەناسێنێت، بەردەوامی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی وەک چین و هیندستان و تێپەڕبوونی ئەم ژمارە کەشتییە، نیشانەیەکی ڕوونە لە شکستی سیاسەتی فشاری زۆر و ناتوانی واشنتن لە کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی ڕێڕەوە ستراتیژییەکانی وەک گەروی هورمز.

لە ئێستادا، گەروی هورمز بووەتە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەی ئیرادەکان، کە لایەکیان کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە توانای خۆی لە پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و شکاندنی گەمارۆ، و لایەکی دیکەش ئەمریکایە کە هەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بسەپێنێت، بەڵام بەبێ ئەنجامی دیار.