​​بە بڕوای بیلال خەیات، پشتبەستن بە گۆڕانکارییە مەیدانییەکان دەریدەخات کە ئەمریکا لە گەیشتن بە ئامانجە سەرەکییەکانی، کە لە ڕێگەی فشار و جەنگەوە کێشابووی، تووشی بنبەست بووە. واشنتۆن نە لە گۆڕینی سیستەمی سیاسی ئێران و نە لە بێدەنگکردنی هێزەکانی بەرەی مقاوەمە سەرکەوتوو نەبووە.

​"قبووڵکردنی دانوستان و درێژکردنەوەی ئاگربەست لەلایەن ئەمریکاوە، نیشانەی گۆڕینی ستراتیژییە لە 'هێرشی ڕاستەوخۆ' بۆ 'بەڕێوەبردنی تەنگژەکان'؛ ئەمەش دانپێدانانێکی ناچارییە بەوەی ئێران تێچووی جەنگی بۆ لایەنی بەرامبەر زۆر بەرز کردووەتەوە.

​لە بەشێکی تری شیکردنەوەکەیدا، خەیات ئاماژە بە ئەگەرێکی مەترسیدار دەکات. ئەو پێیوایە ئەگەر ئیدارەی ترەمپ ناچار بێت لەگەڵ ئێراندا بگاتە جۆرێک لە ڕێککەوتن یان ئاگربەست، بۆ داپۆشینی ئەم "شکستە" و ڕاستکردنەوەی وێنەی شکاوی خۆی وەک زلهێز، پەنا بۆ لێدانێکی کتوپڕ لە ناوچەیەکی تر دەبات.

​بۆ نمونە ئەنجامدانی جوڵەیەکی سەربازی لە شوێنێکی وەک کوبا (بە هەمان سیناریۆی فەنزوێلا).

ئەمەش ​مەبەستی لێی گۆڕینی سەرنجی میدیاکانە لە شکستی بەرامبەر ئێران و بەرزکردنەوەی مەعنەویاتی ناوخۆیی ئەمریکا بە تێچوویەکی کەمتر.

​سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگێکی سەرتاسەری، شیکەرەوەکە پێیوایە ئەمە ئەگەرێکی دوورە. هۆکارەکانیشی بۆ ئەمانە دەگەڕێنێتەوە:

​تێکچوونی هاوسەنگیی بازاڕی وزەی جیهانی.

​بارودۆخی نالەباری ناوخۆیی ئەمریکا.

​نەبوونی هاوڕایەکی نێودەوڵەتی.

بە گوتەی ئەو، هەردوولا دەزانن جەنگی ڕاستەوخۆ بە واتای "کۆتایی یارییەکە" دێت، بۆیە ئەمریکا ئاگربەست بە باشتر دەزانێت لە جەنگێکی بێ سەرەنجام.

​لە لایەکی ترەوە، سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هێزی بڕیاردەری مەیدانی، هەڵوێستێکی ڕادیکاڵانەی بەرامبەر ئاگربەستە تاک لایەنەکانی ئەمریکا هەیە.

​چونکە سوپا پێیوایە هەر وەستانێکی جەنگ تەنها کاتدانە بە ئەمریکا بۆ خۆڕێکخستنەوە، بۆیە هێشتنەوەی بەرەکان بە گەرمی، ڕێگری دەکات لە جێبەجێکردنی پلانە درێژخایەنەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ گۆشەگیرکردنی ئێران.

​بیلال خەیات لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەدا جەخت دەکاتەوە کە سوپای پاسداران جەنگ بە تاکە گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتە ستراتیژییەکان دەبینێت و دەڵێت: "ئەگەری دەسپێشخەریی ئێران بۆ جەنگ دژی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئەگەرێکی زۆر بەهێز و کراوەیە."