ئەمڕۆ دووشەممە 27ی نیسانی 2026 سەید حەمید حوسێنی رایگەیاند، بازاڕی نەوت و نرخی نەوت لەژێر کاریگەریی تووندی گۆڕانکارییە سیاسییەکاندایە، لەوانەش دانوستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، گەمارۆ دەریاییەکان و دۆخی تەنگەی هورمز.
گوتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی بەرهەمە نەوتییەکانی ئێران گوتی، "بەهۆی کەمبوونی خستنەڕوو، دابەزینی یەدەگی ستراتیجی و دروستبوونی ئاستەنگ لە بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی کەنداو، بازاڕی جیهانی رووبەڕووی کورتهێنانی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان بووەتەوە و نرخەکان روویان لە بەرزبوونەوە کردووە."
حەمید حوسێنی هۆشداریی دا، ئەگەر گەمارۆ دەریاییەکان و سنووردارکردنەکان بەردەوام بن، ئەگەری ئەوە هەیە نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بۆ زیاتر لە 150 دۆلاریش بەرزببێتەوە.
دەربارەی ئەگەری کۆتاییهاتنی گرژییەکانیش، حوسێنی گوتی، "تەنانەت ئەگەر جەنگیش کۆتایی بێت و رێڕەوەکانی گواستنەوە بکرێنەوە، ئاساییبوونەوەی دۆخەکە کاتی زۆری دەوێت؛ بۆیە زۆر دوورە نرخی نەوت جارێکی دیکە بۆ کەمتر لە 80 دۆلار دابەزێت."
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 28ی شوبات و سەرەتای جەنگی 40 رۆژەوە، ئێران تەنگەی هورمزی داخستووە و تەنیا رێگە بە کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی دەدات کە لە تەنگەکە تێپەرن.
لە بەرامبەریشدا، ئەمریکا لە 13ی نیسانی 2026ـەوە گەماڕۆیەکی توندی لەسەر کەشتی و بەندەرەکانی ئێران سەپاندووە.
داخستنی تەنگەی هورمز لە لایەن ئێرانەوە و گەماڕۆیی دەریایی ئێران لە لایەن ئەمریکاوە بوونەتە یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکان بۆ بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا کە پاکستانی نێوەندگیر هەوڵی بۆ دەدات.